خەندە كەركووكی: گۆرانی بە باڵای پیاودا هەڵدەڵێم

:: PM:12:06:26/06/2019 ‌

هونەرمەند خەندە كەركووكی كە تەمەن 32 ساڵە، ماوەی پێنج ساڵە دەستی بەكاری هونەری كردووە، بەڵام بەرلەوەش بەشداری لە زۆر لە چالاكییە هونەرییەكان كردووە لە شاری كەركووك. خەندە لە دیمانەیەكی بۆ "وشە" دەڵێت، سەرەتا بە لاساییكردنەوەی هونەرمەندانی خاوەن ئەزموون دەستم پێ كرد، ئێستەیش خەونم ئەوەیە چەند كارێكی هونەری باش بكەم.

خەندە كەركووكی كێیە؟

ناوم "ڕەغەد عەبدولواحید"ە و نازناوم خەندە كەركووكییە، دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵیم لە زانكۆی مووسڵ، لە ساڵی 2014 دەستم بە گۆرانیگوتن كردووە.
 
سەرەتا بە لاساییكردنەوە دەستت پێ كرد یان ڕێچكەیەكی تایبەت بەخۆتت هەبوو؟
بێگومان هەموو كەسێك سەرەتای دەستپێكردنی بە لاساییكردنەوەی هونەرمەندانی پێشتر و خاوەن ئەزموون دەست پێ دەكات، منیش یەكێكم لەوانەی سەرەتا بە لاساییكردنەوە دەستم پێ كرد، بەڵام ئێستە ڕێچكەیەكی تایبەت بەخۆمم هەیە، كە پێشتر كارم لەسەری كردووە و ئێستەش بەردەوامم لەسەری، رێچكەكەم بەلای هونەری فۆلكلۆری كوردییەوە دەچێ‌.

تا ئێستە چەند بەرهەمی تایبەت خۆتت هەیە؟
خاوەنی دوو بەرهەمم، سروودێكی نیشتمانی و گۆرانییەك، سروودەكە بەناوی "سۆزێك بۆ شنگال و كۆبانێ" بوو و كلیپیشی بۆ كراوە، هەروەها گۆرانییەكەشم بەناوی "سەفەر" بوو، بەڵام جگە لەم دوو بەرهەمەی كە تایبەتە بە خۆم، چەندان گۆرانیی تری هونەرمەندانی ترم گوتووەتەوە.

زیاتر گرنگی بە گۆرانیی سەردەم دەدەیت یان فۆلكلۆری؟
بەگشتی گوێ لە هەموو ستایلێك دەگرم، چ گۆرانیی سەردەم یان فۆلكلۆری، بەڵام خۆم زیاتر حەز بە گۆرانیی فۆلكلۆری دەكەم، دەتوانم بڵێم گۆرانیی فۆلكلۆریم كردووە بە ڕێچكەیەكی تایبەت بەخۆم و لەسەر ئەو ڕێچكەیە دەڕۆم.

كارە هونەرییەكانت چۆن بەڕێوە دەبەی؟
لە كارەكانمدا هەم بەشێوەی گرووپ و هەم بەشێوەی تاك كارم كردووە، ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بووە كارێكی باش پێشكەش بكەم، بەڵام نایشارمەوە ماوەی چوار ساڵە لە سەنتەری موزیكی ئازاد هەورامیم، لەو سەنتەرەدا گرووپێكمان هەیە و بەردەوام كارەكان بەشێوەی گرووپ ئەنجام دەدەین، هەر ئەو سەنتەرە بووە هۆی دەركەوتنم.

هیچ بەرهەمێكی ئەڤینی و سۆزداریت هەیە؟
هەر ئەو بەرهەمەی باسم كرد بەناوی "سەفەر" باس لە دابڕان و خۆشەویستی دەكات، هەروەها زۆریش بەلامەوە ئاساییه كە گۆرانی بە باڵای پیاودا هەڵبڵێم، وەك چۆن پیاو بە باڵای ژندا هەڵدەڵێت، ئێمەی ژنانیش دەبێ زۆر بەلامانەوە ئاسایی بێ بە باڵای پیاودا هەڵبڵێین، پیاو و ژن هەردووكیان تەواوكەری یەكترن.

خەون بەچییەوە دەبینی؟
خەونم ئەوەیە بتوانم چەند كارێكی هونەری باش بكەم و ڕەوشی هونەری كوردیش بەرەوپێش هەنگاو بنێت.

وشە/ محەمەد جەمال
















وشە - وشه‌