داوا دەكرێ حزبەكان بەرەو كرانەوە و نوێگەری هەنگاو بنێن

:: AM:09:55:27/06/2019 ‌

پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسیی ئاشكرای دەكەن، كاری سیاسیی پشوودرێژی و نوێگەری لە شێوازی مامەڵەكردن و گوتارداندا پێویستە، ئەوەش بەرەوڕووی حزبەكان دەكەنەوە كە نەرمی و نوێگەری و ددان بەخۆداگرتن بكەنە سەرمەشقی كاری سیاسی و بەدیهێنانی ئامانجە جیاوازەكانیان.

ساڵی ٢٠١٥ كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان زۆر پێداگر بوو لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستانیش ناكۆك بوو لەگەڵی، پەرلەمانی كوردستان داخرا و ئاڵۆزی و پشێوییەكان بە ئاستێك بوون زۆری نەمابوو شەڕی ناوخۆ دروست ببێتەوە، بەڵام هەر ئەو داواكارییەی ئەوكاتی گۆڕان بە میكانیزمێكی تری سیاسی كە ددان بەخۆداگرتن و دانوستان و لێكتێگەیشتن، گەیشتە جێبەجێكردن. بەڵام ئەو شێوازە نەرم و سیاسییەی ئێستەی گۆڕان ڕەخنەی لێ دەگیرێت و لە هەمانكاتدا ستایشیش دەكرێت.

عەبد ئەمین مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی پێی وایە، كاری سیاسی جگە لە پشوودرێژی و ئارامی، بە هەنگاوی هەڵەشە و قسەی بێ بنەما ناكرێت، بۆیە دەبێ هێزە سیاسییەكان هەمیشە ئەو ڕاستییە بزانن لە دنیاشدا ئەوەی بە نەرمی و لێكتێگەیشتن دەكرێت، بە شەڕ نەكراوە.

ئەو بۆ "وشە" گوتی، "ئەگەر گۆڕان بە نموونە بهێنینەوە، ئەوەی ٢٠١٥ خەریك بوو كوردستانی لەسەر تێك بچێت، ئەم جارە بە ئاسانی كرا، وەك گۆڕان دەڵێن كە داواكاریی ئەوان بووە، كەواتە نەرمی و دانوستان و گفتوگۆكردن هەموو كات باشترە لە كەلەڕەقی سیاسی بۆ هەر حزب و هێزێكی تریش."

بزووتنەوەی گۆڕان دوای هەڵبژادنەكانی كوردستان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو 2018 و بەدەستهێنانی 12 كورسیی پەرلەمان، یەكەم هێز بوو لەگەڵ پارتی ڕێككەوتن و وەك خۆشیان باسی دەكەن، زۆرترین داواكارییەكانیان لە پرسی گۆڕانكاری لە سیستمی حوكمڕانی و چاكسازییەوە لەلایەن پارتییەوە بەڵێنی جێبەجێكردنیان دراوە.

"ئێمە میلەتێكین لە ڕۆژهەڵات، هەموو نەرمی نواندنێكمان پێ خۆفرۆشی و تەنازولە، پێمان خۆشە لەسەر وشەیەك شەڕ هەڵبگیرسێت، بەڵام هێزەكان بە گفتوگۆ بگەنە چارەسەر، ئەوا یەكێكیان خۆی بەویتریان فرۆشتووە، ئەم لۆجیكە هەڵەیەی سیاسەت هەمیشە ئایندەمان لێ تاریك دەكات." مامۆستاكەی زانكۆ وای گوت.

بزووتنەوەی گۆڕان كە ئەمجارە داواكاری و بەرنامە سیاسییەكەی بردووەتە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان، لەلایەن بەشێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بە خیانەتكردن لە ڕێبازی نەوشیروان مستەفا لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام خۆیان ڕەتی دەكەنەوە و دەڵێن ئەوان لەسەر هەمان بەرنامە و ڕێبازن كە ٢٠٠٩ گۆڕانی بۆ دروست بووە.

ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتیی گۆڕان، ئاماژەی بەوە دا، گۆڕان لەسەر هەمان ڕێباز و بەرنامەی ساڵی ٢٠٠٩ـیە كە كاك نەوشیروان دایڕشتووە، ئەوەی كە لێرە و لەوێ دەگوترێت گۆڕان خیانەتی لە دەنگدەر و كاك نەوشیروان كرد ڕاست نییە.

بۆ "وشە" گوتی، "ئەسڵەن بەشێكی بەرچاو لە بەرنامە سیاسییەكەی گۆڕان لە كارنامەی حكوومەت چەسپێنرا، بێگومان ئەم جارەش گۆڕان دانوستان و گفتوگۆی پێ باشتر بووە و هەر ئەوەشی كردووە و بەشێكی زۆر لە بۆچوونەكانیشی چەسپاندوون."

ناڕەزاییەكان تەنانەت گۆڕان خۆیشی گرتووەتەوە، بۆیە لە بەیاننامەیەكدا ئەو حزبە كادر و هەڵسووڕاوانی ئاگادار دەكاتەوە كە نابێ دژی سیاسەت و بەرنامەكانی گۆڕان لێدوان بدرێت و ئەو بەیاننامەیەش ڕەخنە دەكرێت.

"گۆڕان حزبێكە داودەزگای هەیە، دەستووری ناوخۆی هەیە و جڤاتی گشتی و نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندنیشی هەیە، دەرگەی هەموو ئەو دامەزراوانە بەردەوام بۆ ڕەخنە كراوە بوون، بەڵام ناكرێت تۆ بۆچوونت جیاوازە كادری گۆڕانیت و پۆستت هەیە بچیتە سەر تەلەڤزیۆن دژی هەموو پرەنسیپەكانی حزبەكەت قسە بكەیت، ئەو قسانە بهێنەرەوە دامەزراوە ناوخۆییەكان." ژاژڵەیی وای گوت.

لە بەرانبەریشدا بۆچوونی تر هەیە كە بزووتنەوەی گۆڕان تەواو لە سیاسەت و بەرنامەی پێشتری لای داوە و بۆ دەستكەوتی مادی و پۆست و پایە، پرەنسیپەكانی خۆی وەلا ناوە.

یەكێك لە پەرلەمانتارەكانی گۆڕان لە بەغدا كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند: ئێمە بە هیچ شێوەیەك چاوەڕوانی ئەو هەڵوێست و بەیاننامەیە نەبووین لە گۆڕانەوە، ئێمە سەرمان سوڕما گۆڕان چۆن دروست بوو و ئێستەش بەیاننامە دژی ئەوە دەردەكات و بە پەرلەمانتارەكانی دەڵێت نابێت بەرگری لە قووتی خەڵك بكەن.

ئەوەشی گوت، "ئێمە وەك پێشتر بەردەوام دەبین، دەگەڕێینەوە سەر پرەنسیپە بنەڕەتییەكانی گۆڕان كە نەوشیروان مستەفا دایناون و لێی لا نادەین، نە بۆ چوونە ناو حكوومەت و نە بۆ هیچ ڕێككەوتنێك و درۆ لەگەڵ خۆمان و دەنگدەرانمان ناكەین."
*
ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتیی گۆڕان: 

بەشێكی بەرچاو لە بەرنامە سیاسییەكەی گۆڕان لە كارنامەی حكوومەت چەسپێنرا.

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال



وشە - وشه‌