مامۆستایەك بەربەستی ئاسن بۆ رووباری بێخاڵ درووست دەكات

:: PM:02:11:11/07/2019 ‌

گەنجێكی شارۆكەی سۆران لە سنووری پارێزگەی هەولێر لەسەر ئەركی خۆی بەربەستێك لە رووباری بێخاڵ دروست دەکات بۆ بەرگرتن لە خنکان و کەوتنەخوارەوەی هاووڵاتییان .

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، بەیار باڵەكی گوتەبێژەی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران بە " وشە "ی راگەیاند، گەنجێكی دانیشتووی سۆران بە ناوی سامان ئیدریس محمد کە پیشەی مامۆستایە و بەڕێوەبەری قوتابخانەی پیرسوانی نوێیە لە رواندز، وەك ئەركێكی مرۆیی و هەست كردن بە بەرپرسیارێتی، لەسەر ئەركی خۆی بەربەستێكی ئاسنی لە رووباری بێخاڵ بە مەبەستی رزگاركردنی هاووڵاتییان و گەشتیاران لە خنكان و رووداوەكانی كەوتنە نێو ئاو و بریندار بوونیان یا دۆزینەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتییانەی لە رووبارەكەدا دەخنكێن، دروست کردووە.

گووتەبێژەی بەرگری شارستانی سۆران دەڵێ، لە ماوەی یەك مانگدا حەوت رووداوی خنكان لە رووبارەكانی دەڤەری سۆران تۆمار كراون و تەنیا لە رووباری بێخاڵ و لەو شوێنەی بەربەرستەكەی لێ دانراوە، دوو حاڵەتی خنكان تۆمار كراوە كە تەرمی منداڵێك تا ئێستایشی لەگەڵ بێت نەدۆزراوەتەوە و تیمەكانمان بەردەوامن لە گەڕان و پشكنین بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەكە.

دووپاتی دەکاتەوە، بەناوی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی مامۆستا سامان دەكەین و ئومێدە دەكەین گەنجی دڵسۆزی هاوشێوە زیاد ببن .

بێخاڵ یەكێكە لە ناوچە گەشتیاری و هاوینەهەوارەكانی شارۆكەی رواندزە لە سنووری پارێزگەی هەولێر، خاوەن رووبارێكی گەورەیە و دیمەنێكی جوانی هەیە و خەلكێكی زۆر بۆ سەیران رووی تێدەكات، بەهۆی نەزانینی مەلە گەشتیارانی بیانی لە رووبارەكەدا دەبنە قوربانی.

رواندز/ موڕشید برادۆستی









وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 341 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌