لە ماڵەوە چارەسەری چرچبوونی مل بكە

:: PM:03:02:11/07/2019 ‌
دەركەوتنی چرچ و خەت لە ملدا شێوەیەكی ناشیرین بە رووخسار دەبەخشێت بەشێوەی بازنەی لەسەر مل دەردەكەوێت. یەكەم هۆكاری دەركەوتنی ئەم چرچییە لە ملدا بۆ پیربوون دەگەڕێتەوە یان كەمبوونەوەی كۆلاجین كە ئەركی سەرەكی كۆلاجین ئەوەیە پێست لە پیربوون بپارێزێت.

یان زۆر خۆدانەبەر تیشكی خۆر كە هۆكارێكە بۆ كەمبوونەوەی رێژەی كۆلاجین لە پێستدا. یان زۆربوونی فشار و كەمخەوی و جگەرەكێشان هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ دەركەوتنی چرچی لە ملدا.

لەم حاڵەتەدا نەشتەرگەری یان بەكارهێنانی دەرمانی ناسروشتی تاكە چارەسەر نییە بۆ رزگاربوون لەم چرچییانە، چونكە مەترسی زیاتری هەیە لەسەر تەندروستی لەش، بۆیە باشتر وایە بەڕێی سروشتی بیر لە چارەسەركردن و نەمانی چرچ و خەت بكرێت لە ملدا.

ئەمانە كاریگەرترین ئەو رێیانەن كە بەكار دەهێنرێن بۆ چارەسەركردنی چرچی مل و دەركەوتنی خەت لە ملدا پێویستە بە یەكێك لەم رێیانە چارەسەری ئەم گرفتە بكرێت.

یەكەم: سپێنەی هێلكە، ئەگەر هەستت بە دەركەوتنی چرچی و خەت كرد لە ملتدا، ئەوە دەتوانیت سپێنەی هێلكە وەك ماسكێك بەكار بهێنیت چونكە توانای توندكردنەوەی پێستی هەیە. پێویستە بە هێواشی سپێنەی هێلكەكە جیا بكەیتەوە و پاشان لە رێی فڵچەیەكەوە وەك ماسكێك بۆ ملت بەكاری بهێنە دوای وشكبوونەوە بە ئاو بیشۆ.

دووەم: ئاوی لیمۆ، لەش بەردەوام پێویستی بە ڤیتامین سیە بۆ ئەوەی بتوانێت كۆلاجین بەرهەم بهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەتوانرێت ئاوی لیمۆ بەكار بهێنرێت . بەشێوەیەكی ئاوی لیمۆیەك بگوشەو ملتی پێ تەڕ بكە بەجێی بهێڵە تا وشك دەبێتەوە . ئەگەر پێستت هەستیارە یان ناسكە ئەوە باشتر وایە دوو بڕی یەكسان لە  لیمۆ و ئاو تێكەڵ بكەیت و پاش سێ بۆ پێنج خولەك بە ئاو بیشۆ.

سێیەم: ئەنەناس، بەهەمانشێوە ئەنەناس بڕێكی باش ڤیتامین سی تێدایە كە رێژەی كۆلاجینی پێست زیاد دەكات و چرچبوونی پێست كەم دەكاتەوە . چەند قاشێك ئەنەناس بە خەڵاتەیەكی كارەبایی تێكەل بكە و پاشان بۆ ملت بەكاری بهێنە بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج خولەك دواتر بە ئاو بیشۆ.  یان دەتوانرێت ئەنەناسی قوتوو بەكار بهێنرێت بەم شێوەیە تیژییەكەی كەمترە و باشە بۆ ئەو پێستانەی كە هەستیارن.

چوارەم: تەماتە، بڕێكی باش ڤیتامین سی لە تەماتەدا هەیە بۆیە بەكار دەهێنرێت بۆ كەمكردنەوەی چرچبوونی مل، چونكە بڕێكی باش كۆلاجین بۆ پێست زیاد دەكات. ئاوی تەماتەیەك بگرە و پاشان لە رێی فڵچەیەكەوە بۆ ملت بەكار بهێنە دوایی پێنج. خولەك بە ئاو بیشۆ. بەم شێوەیە رەنگی پێست كاڵ دەكاتەوە و لە هەمان كاتدا چارەسەری چرچی مل دەكات.

پێنجەم: باوی و شیر، چەوری دروست لە باوی و شیردا هەیە كە چرچی مل كەم دەكەنەوە. هەروەها بڕێكی باش پرۆتینی تێدایە كە گرنگن بۆ تەندروستی پێست. شەوانە چەند دەنكێك باوی بكە شیرەوە بەیانیان بە شیرەكە ملت تەڕ بكە و بۆماوەی 30 خولەك بەجێی بهێڵە دواتر بە ئاو بیشۆ. بەم شێوەیە چرچی و خەت لە ملدا مەم دەكاتەوە و رەنگی پێست رووناك دەكاتەوە.

شەشەم: زەیتی زەیتوون، یەكێكە لە پێكهاتە گرنگە سروشتییەكان و بۆ چەندان مەبەست بەكار دەهێنرێت یارمەتی شێداری پێست دەدات و رێ لە چرچبوون دەگرێت. شێداركەرەوەیەكی باشە بۆ پێستی مل بەشێوەیەكی ئاسایی زەیتی زەیتوون بۆ چەوركردنی ملت بەكار بهێنە، بەم شێوەیە رێ لە چرچبوون دەگرێت و شێداری بە پێست دەدات و پیربوونی پێست هێواش دەكاتەوە و پڕە لە دژەئۆكسید.



وشە - ئاوات ئازاد