نرخی هەفتانەی نەوت سەرووی 4% هەڵكشا

:: AM:10:02:13/07/2019 ‌

بازاڕی نەوت هەفتەیەك لە هەڵكشانی نرخی بەڕێ كرد و رەنگی چارتی هەفتانەی بە سەوز داخرا. دوو هەفتەی پێشتر نرخی  نەوت بە رەنگی سوور داخرابوو.

سەرەتای ئەم هەفتەیە كاتێك بازاڕەكە كرایەوە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت لە خوارووی 64 دۆلار دەفرۆشرا، بەڵام لە كۆتایی هەفتەدا بە 66 دۆلار و 86 سەنت داخرا.

بەگوێرەی dailyfx  نرخی نەوتی تەكساس لە 56 دۆلار و 69 سەنتەوە بەرەو 60 دۆلار و 30 سەنت هەڵكشا. هەڵكردنی زریانی وەرزی لە كەنداوی مەكسیكۆ بە گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت. كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لەم ناوچەیە ئاستی بەرهەمهێنانیان كەم كردووەتەوە.

هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ دابەزینی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە و لە ماوەی هەفتەی رابردوودا هەشت ملیۆن بەرمیل لە نەوتەكە دابەزیوە و گەیشتووەتە 461 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل. لێكۆڵەرەوان پێشبینییان كردبوو سێ ملیۆن بەرمیل لە نەوتەكە كەم ببێتەوە.

هەر جۆرە دابەزینێك لە ئاستی خستنەڕوو و بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی دەبێتە هۆی هەڵكشانی نرخی نەوت.



وشە - سلێمان تاشان