سینەمایەكی بچووك لە كەركووك دەكرێتەوە

:: PM:04:15:13/07/2019 ‌
گرووپی شانۆیی دیالۆگ هەفتانە فیلمی سینەمایی جیهانی نمایش دەكات و خاوەنی پڕۆژەكەیش دەڵێ، پێویستە هەموومان پێكەوە ڕۆحی هونەری و خۆشەویستی لەناو خەڵكدا زیندوو بكەینەوە

 ئەمڕۆ شەموو 13ی تەمووز، حەمەی شانۆ سەرپەرشتیاری گرووپی دیالۆگ تایبەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بۆ زیندووكردنەوەی ڕۆحی سینەما لەناو خەڵكی شارە، چونكە دەزانین لە ڕابردووی ئەم شارە، هۆگرێكی زۆری سینەما هەبووە كە ئێواران دەچوون بۆ سینەماكان، ئەو زەمەنە كە پێشكەوتن بەو ئاستەی ئێستە نەبوو، بەڵام زیاتر لە شەش سینەما لە كەركووك هەبوو، خەڵكی زیاتر هونەردۆست بوون، بەڵام بەداخەوە ئاگری جەنگ و شەڕ و وێرانكاری ڕۆحی جوانییەكانی ئەم مەملەكەتەی كوشت.

زیاتر ڕوونی كردەوە، كۆترە شینەكانی بناری قەڵا هەموو كۆچیان كرد، بۆنی شووشە عەترەكانی كلارا كاڵ بوونەوە، لووتمان ئاخنراوە بە بۆنی بارووت و لاشەی سووتاو، چیتر عەسران عاشقان بۆ پیاسە ناچن بۆ شەقامی عەرەفە، كەس لانادات لە چایخانەی مەجیدیە، بەتەسجیلێك كە گۆرانییەكی عەلی مەردان دەچڕێ، چایەك بخواتەوە.

ئەو شانۆكارە لەبارەی كاڵبوونەوەی سیمای كولتووری و هونەری كەركووك دەڵێ، ئەم شارە جاران بۆ خۆی باغێك بوو لە گوڵستان، بەڵام "تی ئێن تی" و تەقینەوەكان هەڵیپڕووكاند، بۆیە بە ئەركی دەزانین هەموومان پێكەوە ڕۆحی هونەری و خۆشەویستی لەناو خەڵكدا زیندوو بكەینەوە، ژیان بەبێ هونەر ناتەواوە، پێویستە خەڵك لەگەڵ هونەرەكان ئاشت بكەینەوە تا ژیان ڕەنگاڵە و جوان بێتەوە.

كەركووك/ گەرمیان گلی






وشە - هیدایه‌ت جان