ئێسته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕێگرتن له فره‌وانخوازییه‌كانی چین له ڕووی ئابوورییه‌وه تووشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره بووه‌ته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی پرۆژه مه‌زنه‌كه‌ی چین و ڕووسیا بۆ دروستكردنی ڕێ و هێڵی ئاسنین له چینه‌وه بۆ ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دروستكردنه‌وه‌ی ڕێی نوێی ئاوریشم.
چین به‌و پرۆژه‌یه ده‌یه‌وێ هاوسه‌نگی هێزی ئابووری جیهان به‌لای خۆیدا بشكێنێته‌وه و ئه‌مه‌یش گه‌وره‌ترین گورز ده‌بێ كه به‌ر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌وێ، چونكه تا ئێسته ئه‌مه‌ریكا زلهێزترین ئابووری دنیایه و چین به‌و زه‌به‌لاحییه‌ی خۆیه‌وه نه‌یتوانیوه‌ی پێشی بكه‌وێته‌وه، به‌ڵكوو له ڕیزبه‌ندی دووه‌مدایه و ململانێ ده‌كات بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا.
پرۆژه نوێكه‌ی چین كه هێلی نوێی ئاوریشم ناوده‌برێ، له حه‌قیقه‌تدا ناوی BRI یه و په‌كین و چین به كازاخستان و پاكستان به ئێران و له باكوری عێراق و سووریا به ناوه‌ڕاستی توركیا و بۆ مۆسكۆ ده‌ڕوات و دواتر به وڵاتانی بیلارووس و لیتوانیا و پۆلۆنیا و ئه‌ڵمانیا تا برۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا ده‌ڕوات.
له ته‌ك ئه‌و ڕێیه ستراتیجییه به هه‌زاران پرۆژه‌ی ستراتیجی له ناوچه جیا جیاكان ئه‌نجام ده‌درێن، بۆیه پرۆژه‌كه هه‌ر دروستكردنی ڕێیه‌كی ستراتیجی نییه، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵیشدا دروستكردنی سه‌دان ناوه‌ندی بازرگانی و هۆتێل و شوێنی مانه‌وه و كۆمه‌ڵگای پیشه‌سازی و كۆگا و وێستگه‌ی سوته‌مه‌نییه، جیا له‌وانه له ڕووی كولتووری و وه‌رزشی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌یش هه‌زاران پرۆژه له‌سه‌ر ئه‌و ڕێیه ئه‌نجام ده‌درێت.
تا ئێسته له كۆی وڵاتانی دنیا زیاتر له 65 وڵات پێشوازیان له‌و پرۆژه‌یه كردووه و تێچووی پرۆژه‌كه‌یش زیاتر له 23 تریلیۆن دۆلار ده‌بێ و زیاتر ئه‌و وڵات و ناوچانه‌یشی پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێ، ژماره‌ی دانیشتووانیان ده‌گاته نزیكه‌ی چوار ملیار كه‌س، كه ده‌كاته 62%ی دانیشتووانی جیهان له ڕێی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه به‌یه‌كتر ده‌به‌سترێنه‌وه.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی
چین و هاوپه‌یمانه‌كانی و ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوڕان له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه به ته‌واوی ئه‌مه‌ریكای نیگه‌ران كردووه و ئه‌مه‌ریكا له به‌رانبه‌ر ئه‌وه ده‌ستی كردووه به هه‌وڵدان بۆ ده‌ركردنی یاسای به‌كارهێنانی باشی وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدان، كه به‌وهۆیه‌وه ده‌یه‌وێ مامه‌ڵه و گه‌مارۆ بخاته سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌شداری له دروستكردنی پرۆژه ستراتیجیه‌كه‌ی چین ده‌كه‌ن، چونكه دڵنیایه له‌وه‌ی به دروستكردنی پرۆژه‌كه چین ده‌توانێ پێش ئه‌مه‌ریكا بكه‌وێته‌وه و به ته‌واوی دنیا كۆنتڕۆڵ بكات.
ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌یه‌وێ هه‌مان پلانی جه‌نه‌رال مارشال له سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می جیهان دژ به یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت پێڕه‌و بكاته‌وه، كه ئه‌ویش به‌خشینی ملیاران دۆلاره به وڵاتانی تری دنیا، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له ناوخۆی خۆیان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و هیچ كات نه‌چنه ژێر باڵی چینه‌وه و پشتیوانی له پرۆژه ستراتیجیه‌كه‌ی نه‌كه‌ن، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه مارشاڵ به‌و پلانه‌ی به‌سه‌ر سۆڤیه‌ت و كێشكردنی كۆماره‌كانی ناو یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت به ئاراسته‌ی ده‌رچوون و دژ وه‌ستانه‌وه به مۆسكۆ سه‌ركه‌وت، به‌ڵام ئێسته ململانێكه له‌گه‌ڵ ئه‌ژدێهاكه‌ی چینه، كه خاوه‌نی پته‌وترین ئابوورییه له جیهان، نه‌ك سۆڤیه‌تێكی پڕ له ته‌نگژه و كێشه و ئابوورییه‌كی داته‌پیو.
هه‌نگاوێكی تری ئه‌مه‌ریكا وه‌ك ئیسان كایشتاین و یاكوب شابیرۆ له گۆڤاری فۆڕین پۆلسی خستیانه ڕوو، گرتنه‌به‌ری ستراتیجی گۆدۆیه، كه هه‌رچه‌نده داهێنانێكی نوێ نییه، به‌ڵكوو برتییه له شێوازێكی مامه‌ڵه‌ی كۆمپانیا زیره‌كه‌كان و پێشكه‌وتووه‌كان، بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه و له‌ناوبردنی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی ململانێ‌یان له‌گه‌ڵیان هه‌یه، به وئامانجه‌ی تووشی زۆرترین زیانیان بكه‌ن و به مایه‌پووچی بازاڕ به‌جێ بهێڵن، به‌ڵام ئه‌مه‌یش دۆخێكی سه‌خته، چونكه ستراتیجی گۆدۆ كه ناوه‌كه‌ی له هونه‌ری شه‌ڕی ژاپۆنی وه‌رگرتووه، كۆمپانیا پێشكه‌وتووه‌كان ته‌نیا له مامه‌ڵه و ململانێ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی له‌خۆیان بچووكتر تێیدا سه‌ركه‌وتوون، نه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتێكی زه‌به‌لاحی هاوشێوه‌ی چین.
ستراتیجی گۆدۆ خۆی له جوڵه به ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌باره و خێرایی كار و داپۆشین، هاوسه‌نگی و خێرایی له مامه‌ڵه و زاڵبوون به‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كان، به‌كارهێنانی خاڵی به‌هێزی دوژمن و ڕكابه‌ره‌كانیان له دژی خۆیان، ئه‌وه‌ی بووه‌ته هۆی دڵخۆشی ئه‌مه‌ریكایش جیا له‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ دژایه‌تی پرۆژه‌كه ده‌یگرێته‌به‌ر، دۆخی كه‌شوهه‌وا و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌یه، كه به چه‌ندان ژینگه و كه‌شوهه‌وای جیاواز تێپه‌ڕ ده‌بێ، بۆیه دروستكردنه‌وه‌ی ڕێی نوێی ئاوریشم به كارێكی قورس و خه‌یاڵی دێته باس كردن، دووپات له‌وه ده‌كرێته‌وه كه له واقیع ناتوانرێ جێبه‌جێ بكرێت.
به‌ڵام كۆماری چینی میلی كه خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی مرۆییه له ڕیزی وڵاتانی دنیا و كه‌مترین تێچووی به‌كاربردنی كرێكارانی هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی دنیا، سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به خێرایی ده‌ست به جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه بكرێ و ئه‌وروپا و ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا كه به گه‌وره‌ترین بازاڕی دنیا داده‌نرێن، بیخانه ناو چنگی خۆیه‌وه و له‌به‌رده‌ستی ئه‌مه‌ریكا ده‌ری بهێنێت.
ڕێی ئاوریشم سێ هه‌زار پێش زاین له نێوان چین و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا و ئه‌وروپا دروست بوو و بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاوریشمی چین بۆ وڵاتانی تری دنیا، بۆیه بازرگانانی دنیا له‌و ڕێگه‌یه‌وه خۆیان ده‌گه‌یانده چین و كه‌لوپه‌لی وڵاته‌كانیان بۆ چین ده‌گواسته‌وه و له‌به‌رانبه‌ریش دا ئاوریشمیان بۆ وڵاته‌كانی خۆیان ده‌برده‌وه.