هەڵوێستی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لەبارەی هێرشەكەی هەولێر

:: PM:06:01:17/07/2019 ‌

دوای كوژرانی دیپلۆماتكارێكی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا سەركۆنەی رووداوەكە دەكات كە چەند كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیای لە هەولێر كردە ئامانج.
 
ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز، لە یەكێك لە ڕێستۆرانتەكانی هەولێر لە ئەنجامی تەقەكردنێكدا، كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا كوژرا و چەند كارمەندێكی تریش بریندار بوون، دوای ڕووداوەكە ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا سەقامگیری ئاسایشی شارەكەی دووپات كردەوە و ڕای گەیاند، بكەرانی ئەو تاوانە دەگیرێن.

وەك لە بەیاننامەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا هاتووە و ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كراوەتەوە، نێردەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەغدا سەركۆنەی ئەو هێرشەی سەر چەند كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر دەكات.

زیاتر هاتووە، سەرەخۆشی خۆمان پێشكەشی نێردەی دیپلۆماسی توركیا دەكەین و پاڵپشتی خۆمان بۆ بەرگریكردن لە سەلامەتی دیپلۆماتكارانی بیانی و نێردە دیپلۆماسییەكان لە عێراق دووپات دەكەینەوە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لەبارەی ڕووداوی تەقەكردن لە ڕێستۆرانتێكی هەولێر لە راگەندراوێكدا ئاماژەی كرد كە لە رێستورانتێكی شاری هەوڵێر رووداوێكی تەقەكردن رووی دا كە بەداخەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا و هاووڵاتییەك و برینداربوونی یەكێكی تر.

ئاماژەی كرد، لەو كاتەی ئەم رووداوە شەرمەزار دەكەین، هاووڵاتییانی هەولێر و دیپلوماتكاران دڵنیا دەكەینەوە كە رێگە نادەین دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێك بدرێت. لێكۆلینەوەش لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل