جەنگی بازرگانی ئەمەریكا- چین زیانی 455 ملیار دۆلار لە ئابووری دنیا دەدات

:: AM:09:04:18/07/2019 ‌
لە نوێترین هەڵسەنگاندن لەسەر بنەما بنەڕەتییەكانی ئابوورییەكان بۆ دراوی وڵاتان، دەركەوتووتە دۆلار 6 تا 12% لە بەهای راستەقینەی خۆی، گرانترە. سەندوقی نەختینەی نێودەوڵەتیش دەڵێ، جەنگی بازرگانی ئەمەریكا چین زیانی 455 ملیار دۆلار لە ئابووری جیهان دەدات.

 سەندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، هاوكات رێكارەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە زیادكردنی رسوماتی گومرگی لە كاری بازرگانی رەت دەكاتەوە، دەڵێ، دۆلاریش زۆر لە بەهای خۆی گرانترە، دەكرێت سەرۆكی ئەمەریكا سوود لە هێزی بەهای دۆلار وەربگرێت نەك رسومات زیاد بكات.

راپۆرتەكەی سەندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی لە كاتێكدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رەخنەی ئەوەی لە ئەوروپییەكان و چینییەكان گرتبوو، بەوەی بەهای دراوەكانیان بەرانبەر دۆلار دابەزاندووە.

راپۆرتەكەی سەندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، هەڵسەنگاندن بووە لەسەر بنەما بنەڕەتییەكانی ئابووری بۆ دراوی وڵاتان و بڕی زیادە و كورتهێنان بۆ ئابوورییە سەرەكییەكان و هاوسەنگی مامەڵەكانی ئێستەی بازاڕ.
لە راپۆرتەكەدا دەڵێ، بازاڕ لە ئەوروپا سەقامگیرە و لە سەنگافورەش هەروا، بەڵام لە ئەمەریكا و بەریتانیا و هەندێك وڵاتی تازە پێگەیشتوو، كورتهێنان هەیە و رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە.
 
سەندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، هۆشداری لە جەنگی بازرگانی نێوان چین و ئەمەریكا دەدات، پێشبینی دەكات هەڵگیرسانی ئەو دەنگە 455 ملیار دۆلار زیان لە ئابووری دنیا بدات، جگە لەمەش ئەو رێكارانەی لە سەپاندنی رسومات و زیادكردنی باج لە دژ یەكتری دادەنێنن، دەبێتە بارگرانییەكی تاقەت پڕوكێنەر بەسەر بازرگانی نێودەوڵەتی و متمانەی وەبەرهێنەرانیش لەدەست دەدات.


وشە - فه‌رمان سادق