كورته فیلمی "یاسای شێته‌كان" له ده‌رهێنانی هاوكار مسته‌فایه و له سیناریۆی سینه‌ماكار عه‌دنان عه‌سمانه، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ئاده‌م ئه‌یام كاری وێنه‌گرتنی بۆ كراوه و كاری ڕووناكیش له‌لایه‌ن به‌شیر جه‌مشیر ئاماده كراوه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م (18ی ته‌مووز) هاوكار مسته‌فا ده‌رهێنه‌ری ئه‌م كورته فیلمه به "وشه" ی گوت، كورته‌فیلمی یاسای شێته‌كان، دوای ئه‌وه‌ی له فێستیڤاڵی " FICOCC" له ئیسپانیا توانی خه‌ڵاتی باشترین فیلم و باشترین دیزاینی جلوبه‌رگ به‌ده‌ست بهێنیت، هه‌روه‌ها له فێستیڤاڵی دژه‌تیرۆر له هه‌ولێر توانی خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ بباته‌وه، جارێكی تر بێبه‌ش نه‌بوو له خه‌ڵات، ئه‌مجاره له به‌ریتانیا له شاری سویندن له فێستیڤاڵی "chandra kamini" له‌به‌شی پێشبڕكێدایه و خۆشحاڵم به به‌شداربوونه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانمان له فێستیڤاڵه جیهانییه‌كان.
زیاتر گوتی، به‌شێكی زۆری گرته‌كانی فیلمه‌كه له ناو مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه سووره‌كه‌ی سلێمانیدا وێنه‌یان گیراوه، مه‌به‌ستیش له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شوێنه ئه‌وه‌یه، له ڕابردوودا سه‌رانی ڕژێمی پێشوو چه‌ندان تاوانیان له‌و مۆزه‌خانه ئه‌نجام داوه، هه‌روه‌ها ناوه‌ڕۆكی فیلمه‌كه باس له سزای له‌سێداره‌دان ده‌كات له‌و وڵاتانه‌ی كه هه‌تا هه‌نووكه‌ش به‌رده‌وامن له كاركردن به سزای له سێداره‌دان بۆ تاوانباران، به‌ڵام ده‌بینین كاره‌كته‌رێكی لێبورده و خاوه‌ن هه‌ستێكی ناسك به دڵێكی پڕ له به‌زه‌ییه‌وه، له ناخه‌وه فرمێسك بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌ڕێژێت كه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و سزا سه‌خته ده‌بنه‌وه و نیگه‌رانییه‌كی زۆر له دڵی مرۆڤدا دروست ده‌كات، چونكه ده‌كرێت له شوێنی ئه‌و سزا قورسه‌دا به میكانیزمێكی تر و به یاسا سزای تاهه‌تایی بكرێت به شوێنگره‌وه‌ی په‌تی سێداره .
ئه‌م فیلمه تا ئێسته به‌شداری چه‌ندان فێستیڤاڵی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیی له وڵاتانی به‌ریتانیاو فیله‌ندا و ئیتاڵیا و ڕووسیادا كردووه.
وشه/ گه‌رمیان گلی