ئەمەریكا سزا بەسەر ژمارەیەك بەرپرسی عێراق دەسەپێنێت

:: PM:08:12:18/07/2019 ‌

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی خستە ناو لیستی سزاكانییەوە بە تۆمەتی گەندەڵی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤەوە لەوانە ژمارەیەك فەرماندەی حەشدی شەعبی.

وەك لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكادا هاتووە، وەزارەتەكە سزای خستووەتە سەر چوار بەرپرسی عێراقی بەتۆمەتی گەندەڵی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و روونی كردەوە كە سزاكان هەریەك لە رەیان كلدانی، فەرماندەی بزاوی بابلیوونی سەر بە حەشدی شەعبی و وەعد قەدۆ، برای حەنین قەدۆی پەرلەمانتاری عێراق و فەرماندەی هێزەكانی شەبەك لە دەشتی نەینەوا سەر بە حەشدی شەعبی و نەوفەل عاگووب، پارێزگاری پێشووی نەینەوا و ئەحمەد جبووری (ئەبو  مازن)، پەرلەمانتاری سوننە لەسەر پارێزگای سەڵاحەدین.

هاوكات ئەمڕۆ پێنجشەم مایك پنس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە واشنتن سزا دەخاتە سەر چەند فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی عێراقی و ژمارەیەك كەسایەتی دەسترۆیشتووی عێراقی سەر بە ئێران.

پنس لە كۆنگرەی ئازادی ئاینەكان كە لە واشنتن دێتە سازكردن گوتی، دەستەوەستان ناوەستین لەوكاتەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران تیرۆر بڵاو دەكەنەوە، روونی كردەوە ئەمەریكا سزا بەسەر ژمارەیەك فەرماندەی حەشدی شەعبی عێراق لەوانەی سەر بە ئێرانن دەسەپێنێت، جیا لە چەند كەسایەتییەكی دەسترۆیشتوو. دووپاتی كردەوە كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر چوار بەرپرسی عێراقی بە تۆمەتی گەندەڵی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ سەپاندووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل