46 بەندكراو لە گرتووخانەكاندا خۆیان دەكوژن

:: PM:03:00:21/07/2019 ‌
بەپێی ئاماژە نوێیەكان بەهۆی خراپی مامەڵە لەگەڵ بەندییەكان لە گرتووخانەكانی توركیا، 46 كەس لەوانەی بە تۆمەتی كودەتا بە بڕیاری ئەردۆغان گیراون، لە گرتووخانەكاندا خۆیان كوشتووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تەمووز، فیلی ئاغ بابا جێگری سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری، لە راپۆرتێك بۆ میدیاكان ئاشكرای كرد كە 46 كەس لەوانەی بە تۆمەتی كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی 2016 گیراون، لە گرتووخانەكاندا خۆیان كوشتووە.

بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكە دوای سێ ساڵ تێپەڕین دێت بەسەر كودەتاكەی حوزەیرانی 2016 كە بەدوایدا هەڵمەتێكی چڕی گرتن بە تۆمەتی كودەتا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستەی توركیا دەستی پێ كرد، رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤیش كۆك بوون لەسەر پێشێلكردنی زەقی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی.
 
ئاشكراكردنی خۆكوشتنی 46 بەندكراو لە گرتووخانەكانی توركیا، لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە دۆخێكی خراپی بەدوای خۆیدا هێناوە، پشتڕاستی راپۆرتەكانی پێشتری دەكات كە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لەسەر خراپی مامەڵەكردن لەگەڵ بەندكراوەكان بڵاو كرابوونەوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، زەكی موبارەك یەكێكە لەوانەی لە ژێر ئەشكەنجەدا لە گرتووخانەی سیلفری لە ئیستەنبوڵ گیانی لە دەست دا، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا وەها بڵاویان كردەوە كە موبارەك خۆی كوشتووە.

جێی باسە لەسەر پرسی گرتنی هەڕەمەكی هاووڵاتییان لە توركیا بە تۆمەتی پێوەندی هەبوون بە كودەتاكە، حكوومەتی ئەو وڵاتە ساڵی 2017 لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ چاوخشاندنەوە بە تانەكان، بەڵام 93%ی تانەكانی رەت كردەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە زیاتر لە 140 هەزار فەرمانبەری مەدەنی رووبەڕووی لێپرسینەوە و لێكۆڵینەوە بوون و لەسەر كارەكانیشیان دوور خرانەوە، تەنانەت پاسپۆرتیشیان لێ رەت كرایەوە وەك هەوڵێكی رێگرتن لەوەی وڵات جێ نەهێڵن.


وشە - فه‌رمان سادق