رێكخراوی قاعیدە بەرەو ترازان و چارەنووسێكی نادیار هەنگاو دەنێت

:: PM:03:59:08/08/2019 ‌

سەرەڕای ئێستەیەكی شپڕزە، رێكخراوی قاعیدە روو لە چارەنووسێكی نادیار دەكات، ئەوەش دوای گوژرانی حەمزەی كوڕی ئوسامە بن لادن بەر لە چەند رۆژێك، وەك راپۆرتەكانی ئەمەریكی بڵاویان كردەوە و نەخۆشكەوتنی ئەیمەن زەواهیری سەركردەی رێكخراوەكە، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ كێ شوێنی زەواهیری لە سەركردایەتی ناودارترین رێكخراوی تیرۆریستی لە مێژووی نوێی ناوچەكە دەگرێتەوە؟ 

روونە كە رێكخراوی قاعیدە بەدەست داڕمانی ژێرخانی رێكخستنەكانی و كەمی ژمارەی سەركردەكانییەوە دەناڵێنێت، ئەوەش دوای چوونەدەرەوەی زۆرێك لە رێكخراوەكانی لێی جیابوونەتەوە و چوونەتە پاڵ رێكخراوی داعش و بەیعەتیان بە ئەبو بەكر بەغدایی سەركردەی ئەو رێكخراوە دا و بەوەش رێكخراوی قاعیدە بوونی بەهێزی خۆی لە ناوچەكە لەدەست دا، هەروەها شەرعیەتی بوونی لەدەست دا لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی خیلافەتی داعش كە وا پێویست دەكات بەناو موجاهیدان بچنە پاڵ خەلافەتەكە و كۆچی بۆ بكەن. 

بۆیە لە ئەنجامی لەدەستدانی رێكخستنەكانی و سەرانیشی، رێكخراوی قاعیدە چەندان كەسایەتی دیاری لەدەست دا لەوانەی ئەگەری شوێنگرتنەوەی ئەیمەن زەواهیریان لە سەركردایەتی قاعیدە هەبوو و ئەوان لە كردەی جیاجیای تایبەت كرانە ئامانج و كاریگەری گەورەی كردە سەر داهاتووی رێكخراوەكە لە ناوچەكەدا.

سەركردایەتی هەر رێكخراوێكی نهێنی زۆرجار لە بازنەی دەوروبەری رێكخراكە دەبێت، بۆیە شوێنگرەوەی سەرانی رێكخراوەكە بە بەردەوام شەرعیەتی بوونیان بە سەركردە لە هاوەڵیان بۆ سەرانی پێشووی رێكخراوەكە لە جەنگەكان یان لە بوونی شارەزاییەكی باشی جەنگ وەردەگرن، لە حاڵەتی رێكخراوی قاعیدەدا تا ئێستە ئوسامە بن لادن تاكە كەسی تەوەرەیی و كاریگەرە لە ناو رێكخراوەكە. تەنانەت ئەوكاتەشی ئەمەریكا كوژرانی راگەیاند و تەرمەكەی هاتە سووتاندن و خۆڵەمێشەكەیشی لەناو ئاو بڵاو كرایەوە، راستەوخۆ شوێنگرەوەی بۆ ئەیمەن زەواهیری بوو، چونكە هاوەڵ و هاوبەشی بوو لە دامەزراندنی رێكخراوی قاعیدە و سەرەڕای نەبوونی كاریزمای پێویست بۆ ئەو كارەی.

زۆرێك لە موجاهیدەكانی قاعیدە هۆكاری ئەوەی بەسەر رێكخراوەكە هات لە دۆڕان و ترازان و جیابوونەوە، دەیخەنە ئەستۆی ئەمەن زەواهیری، لەلایەكی تر ئەو كێشانەی رووبەڕووی قاعیدە هاتەوە لە سەردەمی زەواهیری ئاڵۆزتر بوون لەوەی رووبەڕووی ئوسامە بن لادن هاتنەوە، تەنانەت لە سەردەمی زەواهیری ركابەرێكی سەختی بۆ پەیدا بوو و رەتی كردەوە بەیعەتی پێ بدات و لێی جیابووەوە ئەوەیش ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعش بوو.

لەبەر ئەوە لەناو قاعیدە باڵێك دەركەوت كە پێیان وایە دەبێت شوێنگرەوەی زەواهیری لە ماڵباتی ئوسامە بن لادن بێت و بۆ ئەوەش حەمزە بۆ ئەو ئەركە نوێی هاتە دیاریكردن، بەڵام وا حەمزە لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمەریكا لە نێوان ئەفغانستان و پاكستان هاتە كوشتن و بەوەش زۆرێك لە ئەندامانی قاعیدەی تووشی شۆك كرد.

لەگەڵ دەركەوتنی زانیارییەكان لەبارەی نەخۆشكەوتنی سەختی ئەیمەن زەواهیری، وەك كەناڵی "عەرەبییە"ی سعوودی باسی كرد، ئەو پرسیارە هاتە ئاراوە كە كێ شوێنی زەواهیری دەگرێتەوە و لە شوێنی زەواهیری بەیعەتی پێ دەدرێت؟

ئەگەرچی بەڵگەنامە نهێنییەكان ئاشكرایان كردووە كە ژمارەیەك لە سەرانی ئەنجوومەنی شورای رێكخراوەكە بەیعەتیان پێ دراوە بۆ شوێنگرتنەوەی زەواهیری لەكاتی نەمانی، واتە پرسی شوێنگرتنەوەی یەكلا بووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەهێز هەیە كە ناكۆكی لە نێوان ئەواندا هەیە لەوبارەوە.

لە بەڵگەنامە و شیكارییەكان دەردەكەوێت كە چوار ناو لەناو سەرانی رێكخراوی قاعیدە بەیعەتیان پێ دراوە بۆ شوێنگرتنەوەی ئەیمەن زەواهیری، كە تا ئێستە دووانیان كوژراون ئەوانیش ئەبو خێر میسری و ناسڕ وحێشین، دووشیان ماون ئەوانیش ئەبو محەمەد میسڕی و سەیف عەدلن.
بەپێی زانیارییەكان ئێستە رێكخراوی قاعیدە بەهۆی خراپیی تەندروستی ئەیمەن زەواهیری سەركردەی لە دۆخێكی وێڵبوونە بەدوای شوێنگرەوەی كە كاری كردووەتە سەر دۆخی رێكخراوەكە، توێژەرێكی میسریش باس لە شوێنگرەكانی زەواهیری دەكات.

عەمرۆ فارووق، توێژەر لە كاروباری بزاوە تیرۆریستییەكان لەو بارەوە روونی كردەوە، رۆژانی رابردوو چەند بەڵگەنامەیەك لەناو رێكخراوی قاعیدە دزەیان كردووە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە زەواهیری كارەكانی رێكخستووە بۆ دیاریكردنی شوێنگرەوەی لە رێكخراوەكە.

وەك ئەو توێژەرە دەڵێت، بەڵام ئەو لەبەر چەند هۆكارێك پاشەكشەی كرد، گرنگترینیان بوونی رەوتێكی ناو رێكخراوەكەیە دەیانەوێت حەمزە بن لادن كوڕی ئوسامە بن لادن بێننە پێشەوە و بیكەن بە سەركردەی رێكخراوەكە.  

فارووق دووپاتی كردەوە، بەپێی بەڵگەنامەكان ریزبەندی دیارترین شوێنگرەوەكانی زەواهیری لەناو قاعیدە ئاشكرا دەبن كە هەندێكیان لەژیاندا نەماون. 

یەكەم/ ئەبو خەیر میسری، لە پلەی یەكەم دێت بەر لە كردنە ئامانجی لە شوباتی 2017، ئەو زاوای ئوسامە بن لادنە و ناوی تەواوی عەبدوڵا محەمەد رەجەب عەبدورەحمانە و لەدایكبووی 1957ی میسرە و لە 2005ەوە ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمەریكایە. 

دووەم/ ئەبو محەمەد میسری، "ئەبو محەمەد زەیات"، جێگری ئەیمەن زەواهیری و كەسی دووەمە لەناو رێكخراوی قاعیدە لە دوای مردنی ئەبو خێر میسری.

سێیەم/ محەمەد سەڵاحەدین زێدان ناسراو بە "سەیف عەدل"، ئەفسەرێكی پێشووی سوپای میسرییە.

چوارەم/ ناسڕ وحێشی ناسراو بە "ئەبو بەسیڕ"، لە 12ی حوزەیرانی 2015 لە یەمەن كوژرا. 

پێشبینی دەكرێت كە تەنگژەیەكی گەورە لەناو رێكخراوی قاعیدە دروست ببێت بەهۆی ئەو زانیاریانەی باس لە نزیكبوونەوەی سەیف عەدل لە سەركردایەتیكردنی رێكخراوی قاعیدە دەكەن لەسەر رێنوێنی زەواهیری، بەهۆی پاڵپشتیكردنی میسری بۆ حەمزە بن لادن پێش كوژرانی، بەوەش رێكخراوی قاعیدە بەرەو ترازانی زیاتر دەچێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل