كۆمەڵی ئیسلامی لە ترسی لێكترازان دەیەوێ ناڕازییەكان پێش كۆنگرە ئاشت بكاتەوە

:: AM:09:23:11/08/2019 ‌
بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەڵام پێش ئەو وادەیە دەیەوێ ناڕازییەكانی حزبەكەی ئاشت بكاتەوە تا لە كۆنگرەدا لێكترازان ڕوو نەدات، بەڵام ناڕازییەكان دەڵێن لەسەر هەڵوێست و مەرجەكانیان سوورن و ئەوانەی قسەیشیان لەگەڵ كردوون بۆ گەڕانەوە، هیچ شتێكی ناو كۆمەڵیان بە دەستەوە نییە و ئەوانەن كە لە ماڵەوە دانیشتوون.

لابردنی بەرپرسی مەڵبەندی هەولێر و دانانی كەسێكی تر بێ گەڕانەوە بۆ مەڵبەند و سەركردایەتیی هەولێر، سەرەتای تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بوو كە تا ئێستە درێژەی هەیە و جگە لە سێ ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حزبە، سەدان كادری تریان وازیان لە كۆمەڵ هێناوە، ئێستە كە كۆمەڵی ئیسلامی بەرەو كۆنگرەی چوارەمی هەنگاو دەنێت، هەوڵی ئاشتكردنەوەیان دەدرێت، بەڵام بە ئەستەم دەزانرێت.

عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیارمان داوە لەمساڵدا كۆنگرە ببەستین، دەمانەوێ كۆمەڵی ئیسلامی بە پابەندبوون بە بنەماكانی خۆی زیاتر بە ڕووی جەماوەرەكەیدا بكرێتەوە.

ئاماژەی دا، "دوو لیژنەمان پێك هێناون، یەكێكیان تایبەت بە پێڕەوی ناوخۆ و بەرنامەی سیاسیمان بۆ چوار ساڵی داهاتوو كە كاری ئۆپۆزسیۆنبوونمان چۆن بێت، دووەمیش لیژنەیەكە بۆ زەوینەسازیی كۆنگرە بەتایبەت ئاشتكردنەوە و بانگهێشتكردنەوەی ئەوانەی بە هەر هۆیەك بێت لە كۆمەڵی ئیسلامی نیگەرانن."

ناڕازییەكانی ناو كۆمەڵ چەندان مەرجیان هەیە بۆ گەڕانەوەیان، لە دیارترینیشیان گێڕانەوەی بەرپرسی پێشووی مەڵبەندی هەولێری كۆمەڵ بۆ پۆستەكەی خۆی، خۆهەڵنەبژاردنەوەی عەلی باپیر بۆ ئەمیری حزبەكە و هەروەها ڕوونیی زیاتر لە دنیابینی سیاسیی كۆمەڵدا، وازهێنان لە تاكڕەوی و تاكبڕیاری و گەڕانەوە بۆ بڕیاری بە كۆمەڵ و ڕاوێژكاری.

"بە دیاریكراوی نازانین كەی كۆنگرەكە دەكەین، بەڵام ئومێد بە خوا ئەمساڵ بەڕێوەی دەبەین." عەبدولستار مەجید وای گوت.

لەگەڵ وازهێنانی سێ سەركردەكەی كۆمەڵ، سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی پێوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، سەعید هەركی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی (11)ی دەوروبەری هەولێر و ئیسماعیل ڕەسووڵ ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێر، چەند جارێك هەوڵی ئاشتكردنەوەیان هەبووە، بەڵام سەری نەگرتووە.

یەكێك لەو سەركردە ناڕازییانەی كۆمەڵ كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمە چیتر بە قسە ناگەڕێینەوە و ئەو هەوڵانەی هەشبوون هەمووی قسەن.

بەگوتەی ئەو "عەلی باپیر ئەگەرچی خۆی بە پەرۆش پیشان دەدات، بەڵام بنەڕەتی كێشەكان لەوەوە سەرچاوە دەگرن و ناشیەوێت دەنگی ناڕازی لە حزبەكەیدا بەرهەڵستی بكات، بۆیە زەوینەی گفتوگۆی رژد و گوێگرتن و جێبەجێكردنی مەرجەكانمان ناڕەخسێنێ".

زیاتر گوتی، "هەندێ لە برایانی كۆمەڵ وەك لیژنە سەردانیان كردووین بۆ گەڕانەوەمان و بەشداریمان لە كۆنگرەی كۆمەڵدا، بەڵام ئەوانە كەسانێكن كە لە ماڵەوە دانیشتوون و هیچ بڕیارێكی حزبیان بە دەست نییە تا ئێمە گفتوگۆی مەرج و گەڕانەوەیان لەگەڵ بكەین، بۆیە گەڕانەوەمان و بەشداریمان لە كۆنگرە تا ئەم ساتە هیچ ڕوون نییە و بڕوا ناكەم بگەڕێینەوە."

پێشتر وا ڕاگەیەنرا كە پڕۆژەیەك لەلایەن عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ بۆ گەڕانەوەی ناڕازییەكانی حزبەكە هەیە، بەڵام ئەو سەركردەیەی كۆمەڵ ئەو زانیارییەی ڕەت كردەوە و ئاشكرای كرد، "كێشەكان زیاتر عەلی باپیرن، ئەگەر ئەو ئامادەی گفتوگۆ بێت و رژد بێت لە چارەسەركردنی كێشەكان، پێویست بە پڕۆژە ناكات، ئێمە پڕۆژەمان داوەتێ و با جێبەجێی بكات".

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە" كە لە سەرچاوەی ناو بزووتنەوەی ئیسلامییەوە دەستی كەوتووە، هەوڵێك لەلایەن ئەو حزبەوە هەبووە ناڕازییەكانی كۆمەڵ بگوازنەوە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی، لەسەر ئەو پرسەش عەلی باپیر گفتوگۆی لەگەڵ هەندێ لە سەركردەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەنجام داوە و پێی ڕاگەیاندوون كارێكی ئاوا كاریگەریی لەسەر پێوەندییەكانیان دروست دەكات.

كۆمەڵی ئیسلامی لە ساڵی 2001 جیابوونەوەی خۆی لە بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی ڕاگەیاند، ئێستە ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنە.

سلێمانی/ هەستی كەمال


وشە - وشه‌