عێراق.. هەوڵی گەڕاندنەوەی چەند بەرپرسێكی داواكراوی سوننە دەدرێت

:: PM:05:49:12/08/2019 ‌

رۆژنامەیەكی عەرەبی ئاشكرای كرد كە رێوشوێنەكانی بەسفركردنی دۆسیەی ژمارەیەك سیاسەتوانی داواكراو بۆ دادگای عێراق خێراتر دەبێت بەمەبەستی گەڕانەوەیان، لەوانە رافع عیساوی و ئەحمەد وائیلی.

رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید"ی قەتەڕی ئەمڕۆ دووشەم ئاشكرای كردووە كە رێوشوێنی بەسفركردنی دۆسیەی ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی لەوانە رافع عیساوی كە هەڵاتووە و ئەحمەد وائیلی كە چەند ساڵێكە گیراوە، جیا لە چەند كەسایەتییەكی تر كە ئێستە لە توركیان، خەریكە بەخێرایبی چارەسەر دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئەو هەنگاوە دوای رێككەوتنێكی سیاسی دێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەوانەی بەهۆی دۆسیەی دادوەری دروستكراو لەلایەن نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق كە بەوهۆیەوە دوورخرانەوە یان گیران، بۆیە مالیكی دادگای بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی بەكار هێناوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی كرد، ئەو كەسایەتییانەی چەند رۆژێكە باسیان كراوە بۆ گەڕاندنەوەیان، دەكرێت ببنە هۆی یەكگرتنەوەی چەند هاوپەیمانیەتێكی كاریگەر لەسەر گۆڕەپانی عێراقی وەك هاوپەیمانی وەتەنییە و هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان. 

"عەرەبی ئەلجەدید"، ئاماژەی كرد، پرۆسەی بەسفركردنی دۆسیەی ئەوانە و رێخۆشكردن بۆ گەڕانەوەیان لە رێگەی تانەدان لە سزاكانیان دەبێت كە بۆیان دەرچووە و لەسەردەمی مالیكی دەركراوە و دووبارە دادگاییكردنەوەیان، بۆیە رافع عیساوی سەركردەی سوننە لە هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان و وەزیری پێشووتری دارایی عێراق دەستی بەو هەنگاوانە كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل