لە شەقامێكی سیدنی بە چەقۆ لە ژنێك دەدرێ

:: AM:10:01:13/08/2019 ‌

دوای ئەوەی پیاوێك لە شەقامێكی سیدنی هێرش دەكاتە سەر ژنێك و بە چەقۆ لێی دەدات، لەلایەن پۆلیسەوە دێتە گرتن و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 13ی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی پیاوێك لە شاری سیدنیی ئوسترالیا بە چەقۆ لە ژنێك دەدات و دواتر هەڵدێ، خەڵكێكی زۆری ئەو ناوچەیە بەدوای دەكەون تا بیگرن، بە هاوكاریی ئەوان پۆلیس توانی پیاوەكە بگرێت.

پێگەكە كە هەواڵەكەی لە ئاژانسی "فڕانسی پریس" وەرگرتووە، نووسیویەتی "میگن هایلی" ناوی پیاوەكەیە كە چەقۆیەكی گەورەی بە دەستەوە بووە، دوای ئەوەی لە ژنەكەی داوە، رای كردووە و هاواری كردووە "اللە اكبر" و "بمكوژن".

دواتریش كە خەڵكێكی زۆری شەقامەكە لەوێ بوون و بەدوایدا دەكەون تا بیگرن، ئاكام لەلایەن پۆلیسەوە دێتە گرتن. 

ئاژانسەكە لەسەر زاری پۆلیسی سیدنییەوە رای گەیاندووە، دۆخی ئەو ژنەی بە چەقۆ لێ دراوە، بەرەوباشی دەچێت و مەترسیی لەسەر نەماوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د