نەخۆشیی سكچوون و رشانەوە لە رۆژانی جەژن زیادی كردووە

:: PM:12:08:13/08/2019 ‌

لە ماوەی رۆژانی جەژنی قوربان زیاتر لە هەزار كەس رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شار لە سلێمانی كراون و زۆرترین حاڵەتیش سكچوون و ڕشانەوە بوون و پزیشكێكیش رێنوێنیی دەداتە هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ سێشەم‌ 13ی ئاب, بەختیار ئەحمەد لە بەشی كارگێڕی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی به "وشه"‌ی راگەیاند، لە ماوەی یەكەم رۆژی جەژنی قوربان نزیكەی 700 كەس رەوانەی نەخۆشخانەی شاریان كردووە و حاڵەتەكان جۆراوجۆرن و زۆرترینی ئەوانەشی كە رەوانە كراون بۆ سكچوون و ڕشانەوە بوون.

ئەوەشی گوت، لەو ژمارەیە نزیكەی 200  نەخۆشی خەوێنراون و حاڵەتی قورس تەنیا پێوەدانی مار و دووپشك و رووداوی هاتوچۆ بووە و حاڵەتی مردن تۆمار نەكراوە.

لە دووەم رۆژی جەژندا نزیكەی‌ 400 كەس رەوانەی نەخۆشخانە كراون و بە هەمانشێوەی یەكەم رۆژ زۆرترین كەس بەهۆی سكچوون و ڕشانەوە و حاڵەتی خواردنی چەور چارەسەرییان بۆ كراوە.

هاوكات‌ دكتۆر ئەحمەد سەعید پسپۆڕی نەخۆشیی هەناو بە "وشه"‌ی راگەیاند، رۆژانی جەژن كەشوهەوا زۆر گەرم بووە و بە پێویستی زانیوە هاووڵاتییان زۆر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن، هەروەها داوای كردووە دوور بكەونەوە لەو خواردنانەی كە زیان بە ناو سك دەگەیەنن.

ئەو گوتی, خواردنە قورس و چەورەكان زیان بە تەندروستی دەگەیەنن و خواردنی شلەمەنی و ئاو ئێستە بۆ هاووڵاتییان گونجاوە،‌ چونكە كەشەكە زۆر گەرمە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌