سەرۆكی فەلەستین تەواوی راوێژكارانی دوور دەخاتەوە

:: AM:11:03:20/08/2019 ‌
بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی، مەحموود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتداریەتی فەلەستین تەواوی راوێژكاران و ئەندامانی كابینەی پێشتری حكوومەتی دوور خستەوە و داوای گەڕانەوەی مووچەكانیشیان دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 20ی ئاب، مەحموود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتداریەتی فەلەستین بە بڕیارێكی سەرۆكایەتی تەواوی راوێژكارەكانی دوور خستەوە، هاوكات ئەندامانی كابینەی حكوومەتی پێشوو كە رامی ئەلحمەدوڵا سەرۆكایەتی دەكرد مووچەبڕ كردن.
 

ئەو بڕیارەی عەباس، بەشێكی پێوەندی بەو تەنگژە داراییە قورسە هەیە كە فەلەستین پێیدا تێدەپەڕێت، بەهۆیەوە كابینەی 17ـیەمی حكوومەتی هەڵوەشاندەوە و لە 10ـی ئەم مانگە محەمەد ئیشتە كابینەی 18ـیەمی راگەیاند.

ئاژانسی "وەفا"ی فەلەستینی بڵاوی كردەوە، عەباس تەواوی ئەو راوێژكارانەشی دوور خستنەوە كە بە گرێبەست كاریان دەكرد، هاوكات ماف و ئیمتیازاتی هەموویشیان دەستبەجێ راگرتووە.

لە بەشێكی تری بڕیارەكەدا سەرۆكی دەسەڵاتداریەتی فەلەستین داوای لە سەرۆكی كابینەی 17ـیەم و وەزیرەكانی كردووە كە ئەو بڕە پارەیە بگەڕێننەوە بۆ حكوومەت كە پێشتر وەك مووچە و دەرماڵە وەریان گرتووە و یان وەك كرێی خانوو بۆیان دراوە.

جێی باسە فەلەستین دابەشی سەر دوو ئیدارە بووە، حكوومەتێكیان لە غەزەیە كە حەماس بە سەركردایەتی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكایەتی دەكات.

 فەرمان



وشە - فه‌رمان سادق