گەنجانی کورد بەشداری لە پێشانگایه‌كى نێودەڵەتی تورکیا دەکەن

:: PM:08:27:20/08/2019 ‌

لە پێشانگای نێودەوڵەتی ئەستەنبوڵ کە ساڵانە ڕێکدەخرێت و لە وڵاتانەوە هونەرمەندان بەشداری تێدا دەکەن، پێنج هونەرمەندی کورد بە هونەری شێوەکاری و پەیکەرسازیی و ئیشی دەستی بەشداریان کردووە.

لە پیشانگاکەدا کاری هەموو ئەو هونەرمەندانە نمایشکرا کە بەشداریان لە پێشانگاکەدا کردبوو، هەروەها کاری هونەرمەندە کوردەکانیش کە بەشێوازێکی جوان و هونەریانە نەخشێنرابوو سەرنجی بینەران و هاووڵاتییانی تورکی و وڵاتانی تری بەلای خۆیدا ڕاکێشا.

ئاریان لەتیف کە شێوەکارە و لە ڕێگەی بانگێشتنامەی تایبەتەوە داوای لێکرابوو کە بەشداری لە پێشانگاکەدا بکات بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەم پێشانگایەدا پێنج کورد بەشدارە، کە سێیان بە هونەری شێوەکاری و دانەیەکیش بە پەیکەرتاشی و کەسێکیتریش بە کاری دەستی بەشداریمان کردووە لە سەر ناوی کوردستان، کارەکانی ئێمەش ببوە جێی سەرنجی ئەو هاووڵاتییانەی کە سەردانی پێشانگاکە و کارەکانی ئێمەیان دەکرد.

ئاریان بە دوو کاری سرووشت بەشدارە و دەڵێ، کارەکانم تایبەتن بە سرووشت و بە بۆیەی ئاوی و زەیتی لەسەر کانڤاس کردووەمە و باس لە سرووشتی جوانی کوردستان دەکات و ویستومە کە سرووشتی کوردستان بە بەشداربووان و ئامادەبووانی وڵاتان و پێشانگاکە نیشان بدەم.

لە پێشانگاکەدا هونەرمەندانی شێوەکار و پەیکەرسازان و پەیکەرتاشان و کەسانی دەستڕەنگین لە 18 وڵاتەوە بەشداریان لەو پیشانگا نێودەوڵەتیەدا کردووە، سەدان کاری هونەری جیاوازیان نمایش کردبوو،  هەروەها پێشانگا نێودەوڵەتیەکە لەلایەن سێ ڕێکخراوی تورکیەوە ڕێکخرابوو.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد 








وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان