تاكە كوشتارگەكەی پێنجوێن مەرجی تەندروستی تێدا نییە

:: AM:11:57:24/08/2019 ‌

زیاد لە 10 ساڵە لەناو شارۆكەی پێنجوێن كوشتارگەیەك هەیە، بەڵام هێشتا مەرجە تەندروستییەكانی تێدا نییە و مەترسی لەسەر دانیشتوانی سنوورەكە دروست كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، نازم ئەحمەد ناسراو بە نازمی قەساب، كرێگرتەی كوشتارگەكە بە"وشە"ی راگەیاند: ئەم گوشتارگەیە لە زۆر رووەوە گونجاو نییە، كاتی خۆی كوشتارگەیەكی جوان و رێكوپێك بوو، بەڵام ئیتر بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێكە دروست كراوە، چەند كەسێك ساڵانە كە دەدرێتەوە بە كرێ پێیان، هیچ لە یاساكانی كوشتارگە نازانن، بۆیە كەموكوڕی زۆری هەیە و دەرگا و پەنجەرەكانی شكاون و شەوانە ئاژەڵی زۆر دێتە ژوورەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە و زۆرجار شارەوانی گوێ نادات بەم شوێنە، هەموو شتەكانی تێك چووە و بۆری و كاشیەكانی شكاون و شوێنی كوشتارگەكە ئێستا لەناو ماڵانە و بۆن و بەرامی دەڕوات و پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەكان لە شوێنی نەگونجاو فڕێ دەدرێت.

ئەمیر سۆفی جەمال، لێپرسراوی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن بۆ "وشە" روونی دەکاتەوە، ئەم گوشتارگەیە ساڵانێكی زۆرە حزمەتی بە هاووڵاتییان كردووە و شارەوانی ساڵانە دەیداتەوە بە كرێ،هەرچەند شارەوانیمان هەوڵیداوە زۆرترین كات نۆژەنی بكاتەوە، تا لەڕووی تەندروستییەوە زیانی نەبێت و لە لایەن تەندروستی و ڤێتەرنەریشەوە، چاودێری دەكرێت.

لێپرسراوی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە كوشتارگەكە نوێ بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی داراییەوە ئەو كارە نەكراوە.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانی دوورە و خاوەنی تەنیا كوشتارگەیەکە بۆ نزیكەی 60 هەزار هاووڵاتی و لە ئێستاشدا پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و فراوانكردن هەیە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی





وشە - هیدایه‌ت جان