یەكەم مردن بە جگەرەی ئەلیكترۆنی تۆمار كرا

:: PM:07:15:24/08/2019 ‌
دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمەریكی، مردنی یەكەم كەسیان بەهۆی جگەرەی ئەلیكترۆنی راگەیاند كە بەهۆی نەخۆشی سییەكانەوە گیانی لە دەست داوە و نەخۆشییەكەش پێوەندار بووە بە جگەرەی ئەلیكترۆنی.

ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمەریكا ئاماری نەخۆشییەكانی پێوەندار بە جگەرەی ئەلكترۆنی لە 22 ویلایەت راگەیاند كە زیاتر لە 190 نەخۆشن، لەم ژمارەیەشدا كەسێكیان گیانی لە دەست داوە.

ئەو كەسەی گیانی لە دەست داوە بەپێی بەیاننامەی ناوەندەكانی كۆنتڕۆڵی نەخۆشییەكان و چاودێری، لە ویلایەتی ئیلینوی ئەمەریكییە كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایان گەیاند.

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا تا رۆژی چوارشەمی رابردوو 153 حالەتی نەخۆشكەوتن بە جگەرەی ئەلكترۆنی تۆمار كراوە، ژمارەكەش تا ئەمڕۆ شەموو بۆ زیاتر لە 190 حالەت زیادی كردووە.
 
تا ئێستە نەتەوە یەكگرتووەكان هیچ راپۆرتێكی لەسەر ژمارەی نەخۆش و مردووان بە جگەرەی ئەلیكترۆنی را نەگەیاندووە، بەڵام داوا لە جگەرەخۆرەكان دەكات كە واز لە جگەرە دەهێنن، روو لە جگەرەی ئەلیكترۆنی نەكەن.

بیرۆكەی جگەرەی ئەلكترۆنی لە ساڵی 1963 هەبووە، بەڵام لە 2003 بۆ یەكەمجار لەلایەن هون لیك پزیشكی دەرمانساز بەرهەمهێنرا، ئامێرەكە بە پاتری كار دەكات و لە جێگەی جگەرە ئەوا مادەی پڕۆبیلین جلیكول بەكاردەهێنرێت و  لە رێگەی شەپۆڵی موگناتیسی سەرووی دەنگ، كردارەكە روودەدات.

ساڵی 2004 بۆ یەكەمجار لە بازاڕەكانی چین وەك شوێنگرەوەی جگەرە كەوتە بازاڕەكان و ساڵی 2006 بەرهەمەكانی ناردە دەرەوەی چین و ساڵی 2007 وەك مافی داهێنەری جگەرەی ئەلیكترۆنی وەرگرت.

ئێستە جگەرەی ئەلیكترۆنی جۆر و شێوازی گۆڕانكاری بەسەر هاتووە و لە جێگەی پرۆبیلین جلیكول، مادەی تری وەك نیكۆتنیش بەكاردەهێنرێت و لە زۆر وڵات بڵاوە و تەنانەت كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی جگەرەش ئێستە لەو جگەرەیە بەرهەمدەهێنن و پێیان وایە داهاتوویان كارەكەیان لە ژێر مەترسی جگەرەی ئەلكترۆنیدایە.


وشە - فه‌رمان سادق