حكوومه‌تی دوورگه‌ی مایۆركای
ئیسپانیا پشتڕاستی كرده‌وه، كه حه‌وت هاووڵاتی به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بوونه‌ته قوربانی له ئه‌نجامی به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌لیكۆپته‌رێك و فڕۆكه‌یه‌كی بچووك له ئاسمانی دوورگه‌كه، پاشماوه‌كانیشیان له‌سه‌ر دوورگه‌كه ماوه‌ته‌وه و به ته‌واوی تێك‌شكاون.
حكوومه‌تی دوورگه‌ی مایۆركای ئیسپانی بڵاوی كرده‌وه، كه له سه‌عات 1:35 خوله‌كی شه‌وی ڕابردوو ڕووداوێك له ئاسمانی دوورگه‌كه ڕووی داوه و فڕۆكه‌یه‌كی بچووك كه خاوه‌نداری بۆ كه‌سی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌لیكۆپته‌رێك له ئاسمان پێكیان داداوه، به‌وهۆیه‌وه دوو كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و سێی تریش برینداربوون كه سه‌رنشینی هه‌لیكۆپته‌ر و فڕۆكه‌كه بوون، هاوكات دوو كه‌سی تری نیشته‌جێی ئه‌و شوێنه‌یش كه ڕووداوه‌كه‌ی لێی ڕوویداوه برینداربوون و گه‌یه‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ بكرێت.
میدیاكانی ئیسپانیا دووپاتیان كرده‌وه، هه‌ردوو فڕۆكه‌كه به ئامانجی گه‌شتیاری له ئاسمانی ناوچه‌كه سووڕاونه‌ته‌وه، به گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كانیش یه‌كێك له قوربانییه‌كان هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئیتاڵییه و بۆ مه‌به‌ستی گه‌شتیاری ڕووی له دوورگه‌كه كردووه.
له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌وه پیدرۆ سانچیز سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری ئیسپانیا نیگه‌رانی و پرسه‌ی خۆی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی قوربانیان كرد، تا ئێسته‌یش هۆكاری ئه‌و به‌ریككه‌وتنه ڕوون نییه و میدیاكان و شاره‌زایان به حاڵه‌تێكی نامۆ و جیاوازی ناو ده‌به‌ن.