دادوه‌رێكى عێراقى دووپاتى ده‌كاته‌وه دادگاى فیدڕاڵى پێویستى به یاسایه‌كى نوێ هه‌یه، چونكه به یاسایه‌ك كار ده‌كات هه‌ر له‌لایه‌ن دادگاكه خۆیه‌وه دانراوه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 26ى ئاب ماڵپه‌ڕى
سۆمه‌ریه نیوزى عێراقى لێدوانێكى دادوه‌ر قاسم عه‌بوودى بڵاو كردووه‌ته‌وه، تێیدا باس له‌و مشتومڕه ده‌كات كه له‌سه‌ر یاساى دادگاى فیدڕاڵى هه‌یه.
عه‌بوودى ده‌ڵێ "مشتومڕه‌كه كۆنه و گرنگیشه" دواتر ده‌ڵێ "ئه‌و یاسایه‌ى دادگاى فیدڕاڵى كارى پێ ده‌كات له لایه‌ن دادگاكه خۆی دانراوه بۆیه ره‌نگدانه‌وه‌ى بۆچوونى دادگاكه‌ى له‌سه‌ره نه‌ك تیڕوانینى ته‌واوى ده‌ستوورى".
له به‌شێكى تر‌ى قسه‌كانى دادوه‌ره‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌و مشتومڕانه وا ده‌كه‌ن گومان ده‌خاته سه‌ر ده‌ستوورى و ره‌وایه‌تى دادگاكه.
دووپاتی ده‌كاته‌وه پێویسته یاسایه‌ك بۆ ئه‌م دادگایه دابنرێ، بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له عێراق رێك بخرێته‌وه، چونكه ئێسته دادگای فیدڕاڵى هه‌یه سه‌ربه‌خۆیه و به هه‌مانشێوه‌یه ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆیه، كه‌چى له‌نێوانیاندا سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى نییه.
دادگاى فیدڕاڵى عێراق به گرنگترین دامه‌زراوه‌ى دادوه‌رى داده‌نرێت له عێراق، له ساڵى 2005 دامه‌زراوه و تایبه‌ته به یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ئه‌و كێشانه‌ى كه یاساكانى عێراق ناتوانن دوایین بڕیاریان له‌سه‌ر بده‌ن.