نەسروڵا: بە سەركردایەتی خامنەیی جەنگێكی گەورە دژ بە ئەمەریكا و ئیسرائیل روو دەدات

:: AM:11:01:10/09/2019 ‌
لەگەڵ گرژتربوونی ململانێیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حەسەن نەسروڵا سەركردەی حزبوڵای لبنانی دەڵێ، جەنگێكی گەورە بە سەركردایەتی خامنەیی دژ بە ئیسرائیل و ئەمەریكا روو دەدات.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئەیلوول، حەسەن نەسروڵا سەركردەی حزبوڵای لبنانی لە كۆتا رۆژی عاشوورا، ئاماژەی بە هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.

نەسروڵا، هێمای بۆ ئەوە كرد كە جەنگە گەورەكە دژ بە ئەمەریكا و ئیسرائیل دەبێت بە سەركردایەتی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەبێت، گوتی "ئێمە جەنگێكی گەورە دژ بە ئەمەریكا و ئیسرائیل ئەنجام دەدەین، ئەوەیشی سەركردایەتی جەنگەكە دەكات سەركردەمان ئیمام خامنەیی دەبێت و ناوەندەكەشی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێت".

زیاتر گوتی "ئەمشەو و سبەی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێین، ئێمە گەلێكین هیچ شتێك ئیرادەمان تێك ناشكێنێت، نە گەمارۆ، نە سزا، نە هەژاری و برسیەتی".

لێدوانەكەی نەسروڵا لە كاتێكدایە ئەمەریكا گوشارەكانی لەسەر ئێران توندتر كردووە، كە حزبوڵای لبنانی پشت بە كۆمەكی ئەو وڵاتە دەبەستێت و ئەمەریكاش ئێران تۆمەتبار دەكات لەسەر پشتگیری لە گرووپە تیرۆریستییەكان بۆ تێكدانی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جێی باسە دوای هێرشە مووشەكییەكەی حزبوڵا بۆ سەر سوپای ئیسرائیل، دۆخی لبنان لە حاڵەتێكی ناسەقامگیردایە و ناوەندگیریی رووسیا و ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا نەبووایە، ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و لبنان ئەگەرێكی بەهێز بوو.


وشە - فه‌رمان سادق