تا ئێسته ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له كه‌ركووك و مووسڵ ڕوون و دیار نین، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق بڕیاری داوه له 16ى ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌رى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان له عێراق ئه‌نجام بدرێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگارى كه‌ركووك له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا راى گه‌یاند، له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پرسى هه‌ڵبژاردن تاوتوێ كراوه، به‌ڵام تا ئێسته دیار نییه كه له كه‌ركووك ئه‌و هه‌ڵبژاردنه به‌ڕێوه ده‌چێت یا نا.
پارێزگارى كه‌ركووك زیاتر گوتى، عه‌بادى ده‌یه‌وێت له كه‌ركووكیش هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام تا ئێسته كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان چاره‌نووسی كه‌ركووك و شاری مووسڵى یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه بۆ به‌شداریكردن.
له‌باره‌ى جیاكردنه‌وه‌ى ئاواره‌كان و ده‌نگدانیان له هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان، نه‌جمه‌دین كه‌ریم ره‌تی كرده‌وه رێگه بده‌ن سندووقی هه‌ڵبژاردن بۆ ئاواره‌كان دابنرێت و راى گه‌یاند، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن به‌فه‌رمى كه‌ركووك نه‌گرێته‌وه، ئه‌وه رێگه ناده‌ن كه‌س ده‌نگ بدات.
لێدوانى پارێزگارى كه‌ركووك له‌كاتێكدایه كه له ساڵى 2013 و به‌هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى عێراق، كه‌ركووك به‌شدار نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك گفتوگۆى ناوخۆى ده‌كات.