ئەڵمانیا دەرگا بەرووی پەنابەران دەكاتەوە

:: PM:01:34:14/09/2019 ‌
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رای گەیاند، یەك لەسەر چواری ئەو پەنابەرانە وەردەگرن كە دەگەن بە كەناراوەكانی یەكێتیی ئەوروپا، ئەمەش لە كاتێكدایە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا لەسەر پرسی پەنابەران كۆ ببنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، هورست زیهوفر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە پێشوازی لە نیوەی ئەو پەنابەرانە بكات كە لە رێگەی دەریاوە دەگەن بە كەناراوەكانی ئیتاڵیا.

زیهوفر گوتی "وەك نیاز پاكی بڕیاری وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەمان داوە پێش كۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا".

بڕیارەكەی ئەڵمانیا لە كاتێكدایە چاوەڕوان دەكرێت لە 23ـی ئەم مانگەدا وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا لەسەر پرسی پەنابەران لە ماڵتا كۆ ببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئامانج لە كۆبوونەوەكەدا گەیشتنە بە چارەسەرێك لەسەر پرسی پەنابەران كە رۆژانە بە سەدان كەس لە وڵاتانی كیشوەری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێی نا یاسایی و گرتنەبەری رێگەیەكی پڕ مەترسی خۆیان بە كەناراوەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا دەگەیەنن بە مەبەستی ژیانێكی باشتر لەو ژیانەی لە وڵاتەكانیان دەیگوزەرێنن.

دابەشكردنی پەنابەران بەشێوەیەكی یەكسان بەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا، رەنگە یەكێك بێت لە چارەسەرەكان، وەك لە میدیاكانی ئەوروپی بڵاو كراوەتەوە.
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا كە قسەی بۆ رۆژنامەی "زودویچە" كردووە دەڵێ، ئەگەر ئەوەی لەسەری رێككەوتووین هەمووی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، ئەوا ئەڵمانیا دەتوانێ پێشوازی لە 25%ـی ئەو پەنابەرانە بكات كە روو لە یەكێتیی ئەوروپا دەكەن، گوتی "ئەمە بارگرانییەكی گەورە نابێت بەسەر سیاسەتی ئەڵمانیا پێوەند بە كۆچبەران، ئەڵمانیاش بە بەردەوام ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە سیاسەتی بەرانبەر بە پەنابەران، سیاسەتێكی مرۆییە".

 جێی باسە پرسی پەنابەران، یەكێكە لەو پرسانەی بە بەردەوام لەنێوان وڵاتانی ئەوروپا مشتومڕی لەسەر هەیە، تەنانەت هەندێك لە دەوڵەتان بۆ گرتنەبەری رێوشوێن دژ بە پەنابەران، ئێستە سنووری وڵاتەكەیان تەلبەند كردووە، هەندێكی تریش رەتی دەكەنەوە پەنابەر وەربگرن، لە بەرانبەریشدا وڵاتێكی وەك توركیا ئەو پرسەی بەرانبەر بە یەكێتیی ئەوروپا كردووەتە كارتێكی گوشار.


وشە - فه‌رمان سادق