سوننەكان شكستیان هێنا و داوا لە عەبدولمەهدی دەكەن كەسێك بكاتە وەزیری پەروەردە

:: PM:03:20:14/09/2019 ‌
تەمەنی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لە ساڵێك نزیك دەبێتەوە، بەڵام هێشتا وەزارەتی پەروەردە بێ وەزیرە، دوای رەتكردنەوەی پێنج كاندید هێشتا هێزە سوننەكان نەیانتوانیوە بگەنە ئەنجامێك و كەسێك دەستنیشان بكەن. هاوپەیمانی قوەی سوننە داوا لە سەرۆك وەزیران دەكەن كەسێك بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكات.

ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، زەیتوون دلێمی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی قوەی سوننە رای گەیاند، هەوڵەكانی هاوپەیمانیەتییەكە و لایەنە سوننەكان لە كاتی پشووی پەرلەماندا بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێكی سوننە بۆ ئەو پۆستە، شكستی هێناوە.

ئەو پەرلەمانتارە، هیوای بە هێزە سوننەكان نەماوە لەسەر ئەو پرسە بگەنە رێككەوتن، ئەمەش وای لێ كردووە داوا لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەكات كە كەسێك دەستنیشان بكات و بیكاتە وەزیری پەروەردە.

دلێمی گوتی "پشووی پەرلەمان دەرفەتێكی باش بوو بۆ نوێنەرانی سوننە تا لەسەر پۆستی وەزیری پەروەردە بگەنە ئەنجامێك، بۆ ئەمەش چەندان دیدار و گفتوگۆ كراوە بەڵام نەگەیشتووین بە ئەنجام"، زیاتر گوتی "ناكرێت وەزارەتێكی گرنگی وەك وەزارەتی پەروەردە بێ وەزیر بێت، بۆیە گرنگە سەرۆك وەزیران كۆتایی بەو دۆسیەیە بێنێت و كاندیدێك رەوانەی پەرلەمان بكات".

قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە لەماوەی كەمتر لە ساڵێكە هێزە سوننەكان پێنج ژنیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە، بەشی زۆریان نەیانتوانیوە متمانەی پەرلەمان بەدەست بهێنن و شكستیان هێنا بەهۆی ململانێیەكان ناو هێزە سوننەكان.
 
زەیتوون دەڵێ، ناوی چەند كاندیدێك لای عادل عەبدولمەهدی هەن كە هەر هەموویان كەسانێكن خاوەن توانا و شارەزایین و كەسانی سەربەخۆن.


وشە - فه‌رمان سادق