ناكۆكییەكانی ناو كۆمەڵ ڕێگرن لە دیاریكردنی كاتی كۆنگرە

:: AM:09:32:19/09/2019 ‌

ناكۆكییەكانی ناوخۆی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لەسەر ئەو گۆڕانكارییانەی بڕیارە بەسەر حزبەكەدا ئەنجامی بدەن، بووەتە ڕێگر لە یەكلابوونەوەیان بۆ دیاریكردنی ڕۆژێك بۆ بەستنی كۆنگرە، ئەوە لە كاتێكدا پێویست بوو لە مانگی نیسانی رابردوو كۆنگرەكەیان بكردایە.

پرسی لابردنی پاشگری ئیسلامی، وەرگرتنی ئەندام و لایەنگر بەبێ ڕەچاوكردنی بیروباوەڕ و ئاین و كرانەوەی زیاتری كۆمەڵی ئیسلامی، سێ تەوەری سەرەكیی كێشەكانی ناو كۆمەڵی ئیسلامین، جیاوازییەكان بە جۆرێك زۆرن، سەركردایەتیی كۆمەڵ ناتوانێ ڕێككەوتن لە نێوان بۆچوونەكاندا بكات تا ڕۆژی كۆنگرەی حزبەكەیان دیاری بكەن.

تاریق عەبدولباست كادرێكی دیاری كۆمەڵی ئیسلامی، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند كە حزبەكەی لە ئاستی سەركردایەتیدا ڕای جیاوازی تێدایە لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی دەیانەوێ لە كۆنگرەی داهاتوودا ئەنجامی بدەن. بەڵام ئەوەش دەخاتە ڕوو كە "بەشێوەیەكی گشتی جیاوازییەكان تا ئێستە نەبوون بە ناكۆكی و لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەركردنیان".

تاریق گوتی، "بەڵێ هۆكارێكی دواكەوتنی كۆنگرە بۆ ئەو بۆچوونە جیاوازانە دەگەڕێتەوە كە دەبێ تێگەیشتنی كۆتا و هاوبەشیان لەسەر بكرێت و بە یەك پڕۆژە پێشكەشی كۆنگرە بكرێن، هۆكارەكانی تریش هەڵبژاردنەكان و پێكهێنانی حكوومەت و خۆئامادەكردنی كۆمەڵ بوون بۆ ئۆپۆزسیۆنبوون." بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوی ناو كۆمەڵی ئیسلامییەوە دەستی كەوتووە، لە كۆتا كۆبوونەوەی سەركردایەتیی ئەو حزبەدا كە دوو ڕۆژی خایاندووە، پرسی لابردنی پاشگری ئیسلامی لە حزبەكە و وەرگرتنی ئەندام و كادر بەبێ ڕەچاوكردنی بیروباوەڕ و ئاین، زۆرترین مشتومڕی لەسەر بووە، بەڵام لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا سەركردایەتیی حزبەكە بە بڕیاری زۆرینە، پرسی پاشگری ئیسلامییەكەیان یەكلا كردووەتەوە كە پێیان وا بووە لەم قۆناغەدا دەبێت بمێنێتەوە وەك خۆی.

پێشنیاری لابردنی پاشگرەكە هی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بووە، بەڵام لەلایەن سەركردایەتیی كۆمەڵەوە بە باشیان نەزانیوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەو سەرچاوەیەی "وشە" ئەوەیشی ڕاگەیاند كە دڵشاد گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتیی پێشووی كۆمەڵ كاریگەریی گەورەی لەسەر بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی هەبوو بەوەی ئەو پێشنیارەی عەلی باپیر ڕەت بكەنەوە و نەخرێتە كۆنگرەوە بۆ لابردنی پاشگرەكە، بۆیە ئەوەش تا ئاستێك گومانەكانی ئاراستەكانی كۆمەڵی لە یەكتر زیاتر كردووە.

سەرچاوەكە گومانی ئەوەی خستە ڕوو، "ڕەنگە دڵشاد گەرمیانی ڕەوتێكی ڕانەگەیەندراوی لەناو كۆمەڵدا دروست كردبێت و لە كۆنگرەدا شتێكی چاوەڕواننەكراو ئەنجام بدەن".

پێشتر دڵشاد گەرمیانی لەسەر لابردنی پاشگری ئیسلامیی لە وتارێكدا نووسیبووی: چۆن دەكرێ حزبێك پاشگری ئیسلامی و هەڵگرتنی شەریعەت وەك عەیبە ببینێت، لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان پێی شەرم بێت هەڵگری پاشگری ئیسلامی بێت.

بیلال سلێمان ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا كە "هەر حزبێك بەرەو كۆنگرە هەنگاو بنێت، كۆمەڵێك پڕۆژەی جۆراوجۆر ئامادە دەكرێن و كۆنگرە شوێنی یەكلاكردنەوە و بڕیاردانە لەو پڕۆژانە و هەموویان لەوێ گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت."
لە دوای ئەو كۆبوونەوەیە، سەركردایەتیی كۆمەڵ هیچ كۆبوونەوەیەكی تری نەكردووە و تا ئێستەیش هیچ وادەیەكی تر بۆ كۆبوونەوەی سەركردایەتی و بڕیاردان لە ڕۆژی كۆنگرە دیاری نەكراوە.
جگە لەوانە، سەركردایەتیی كۆمەڵ ترسیان لە باڵی ناڕازی حزبەكەیان هەیە كە لە ماوەكانی ڕابردوودا سێ ئەندامی سەركردایەتی و سەدان كادر بڕیاری وازهێنانیان لەو حزبە ئیسلامییە دا، بەپێی لێدوانی هەندێك لەوانە، لە كۆنگرەدا بەرەیەكی نوێ لە ناو كۆمەڵ ڕادەگەیەنن.
سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی كە نەیویست ناوی بنووسرێ، بە"وشە"ـی گوت، "لەناو سەركردایەتی گومان لە بێدەنگی ئەو ناڕازییانە كراوە، چونكە ئەوان گوتوویانە نایەنەوە ناو كۆمەڵ، بەڵام چاودێریی كۆنگرەكە دەكەن، ئەوەیش گومانی لای سەركردایەتیی ئێستەی كۆمەڵ دروست كردووە كە ئینشیقاق و جیابوونەوەیەكی گەورە لە كاتی كۆنگرەدا ڕابگەیەنرێت."

ئاماژەی دا، "پێم وا نییە ئاراستە جیاوازەكان بە تەواوی كۆنگرەی كۆمەڵ پەك بخەن، بەڵام كاتێكی زیاتری دەوێت تا كۆمەڵ ئەو كێشانە بە لایەكدا دەخات و بتوانێ ڕۆژێك بۆ كۆنگرە دیاری بكات."

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال




وشە - وشه‌