ئێران گورزی سەربازی پێ باشترە لە سزاكان

:: PM:09:01:22/09/2019 ‌

دوای سەپاندن و توندتركردنی بە هەنگاوی سزاكا ئابوورییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بەتایبەتی كەرتی نەوت بەرەو بەسفركردنی هەناردنی نەوتی ئێران، لە ماوەی دواییدا ئێران بە دوو ئاراستە هەنگاوی نا یەكەمیان لە راگەیاندنەكان كاریگەری سزاكانی سەری كەم كردەوە كە لە راستیدا تا دێت كاریگەرییەكە زیاتر دەبێت، دووەم پەنابردنی بۆ جموجۆڵی دەریاوانی و زەوینی لە رێگەی دەستگرتن و هێرشكردنە سەر كەشتییەكان و دواترینیان هەفتەی رابردوو لە رێگەی حوسییەكانی یەمەنەوە هێرشی كردە سەر ئامانجی نەوتی سعوودیە و زیانی گەورەی لێ دا.
ناسر قەلاوون شارەزای ئابووری لەو بارەوە بۆ "بی بی سی"، دەڵێت، ئابووری ئێران تا ئاستێكی زۆر ئابووری جەنگە و تاران گرنگی بە شارە گەورەكانی دەدات بۆ ئەوەی پشێویان تیادا روو نەدات، لەوكاتەی وازی لە دەشتەكان هێناوە و ئاسانكاریان بۆ رۆیشتن بەرەو دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ دەكات، ئێران كە سزاكانی ئەمەریكا گەشەی ئابوورییەكەی وەستاندووە، گرەو لەسەر دۆزینەوەی دەوازی تری خۆدەربازكردن لە سزاكانی ئەمەریكا دەكات لەوانە عێراق كە بەدەركراوە لە سەپاندنی سزاكانی سەر ئێران، تاران بۆ ساغكردنەوەی كاڵاكانی بەكاری دێنێت، جیا لەو حەوزە ئاینییە شیعانەی لە عێراق هەن پارەیەكی باش لەگەڵ ئێران ئالوگۆڕ دەكەن، هەروەها ئێران دەیەوێت سوود لە دەستپێشخەرییەكەی ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا بكات تایبەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ سزاكانی سەر ئێران، بەڵام واشنتن تا ئێستە دوودڵە لە قبووڵكردنی، جیا لە بوونی بەرهەڵستییەكی گەورەی كەنداو بۆ ئەو دەستپێشخەرییە.  

لای خۆیەوە هبە قەیسی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە واشنتن گوتی، بژارەكانی بەردەم ئەمەریكا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكانی دوایی بۆ سەر كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودی بریتین لە:

1-بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری هاوپەیمانانی كەنداو بەتایبەتی سعوودیە و ئیمارات.

2-سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێران و بەردەوامبوون لە سیاسەتی خنكاندنی ئابووری ئێران.

3-بژارەی هێرشی ئەلیكترۆنی.

4-بژارەی كردنەئامانجی هەندێك ناوەندی كۆنترۆڵكردنی سوپای پاسداران.

5-هەوڵدان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتێكی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریاوانی لە كەنداو و دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە لەبارەی ئاسایشی رۆیشتنی وزە.

قەیسی روونی كردەوە كە ئەو بژارانە پێوەستن بە مەرجی حیساباتی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەوەی خواستی بەرپاكردنی جەنگێكی نوێی ئەمەریكا ناكات لە ناوچەكە و درككردنی بە مەترسییەكانی وەشاندنی گورزی سەربازی لەدژی ئێران، هەروەها بەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرانبەر هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر رێڕەوی وزەی جیهانی بێدەنگ نابێت لەلایەكی تر بەوەی چۆنەیتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو راستییەی وەڵامنەدانەوەی ئەو هێرشانەی دوایی بۆ سەر سعوودیە وا دەكات ئێران هێرشی زیاتر ئەنجام بدات. 

لە شیكارییەكی پەیمانگەی وڵاتانی عەرەبی لە واشنتن لە رۆبەرت مالی سەرۆكی گرووپی "تەنگژەی نێودەوڵەتی" و بەرپرسی پێشوو لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە سەردەمی باراك ئۆبامای گواستەوە، ترەمپ دەیەوێت خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران لابدات و تەنیا گوشاری زیاتری ئابووری و هێرشی ئەلیكترۆنی ئەنجام بدات، رەنگە ناچار بێت بۆ بەكارهێنانی هێزێكی سنووردار، بۆیە ئێستە ترەمپ رووبەڕووی كێشەیەكی گەورە بووەتەوە، چونكە ئەگەر هێز بەكارنەهێنێت لە ئێران و ناوچەكە بەلاوازی دەخوێندرێتەوە، هاوكات ئەگەر فەرمان بە هێرشكردنی سنووردار بدات، توانای پێشبینیكردنی وەڵامدانەوەی ئێرانی نییە كە رەنگە زیاتر لەوەی ترەمپ پێشبینی دەكات پەرە بەدۆخەكە بدات، ئەوەش مانای ئەوەیە ئەمەریكا خۆی لەناو جەنگ لەگەڵ ئێران دەبینێتەوە و و ئەوەش ترەمپ و ئەمەریكاییەكان نایانەوێت.   

زیاتر گوتی، لە رووی تیۆرییەوە ترەمپ توانای خۆلاجانی لە هێرشی سەربازی هەیە، بەڵام رەنگە بەهۆی گوشاری سیاسی و پەرەسەندنەكانی سەر گۆڕەپانەكە ناچار بێت قبووڵی بژارەی هێرشی سنوورداری سەربازی بكات، بۆیە مالی هاوڕایە لەگەڵ ئەو شرۆڤەكارە سەربازییانەی ئاماژە دەكەن كە ئێران رەنگە بیەوێت ترەمپ بۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی رابكێشێت بۆ شكاندنی ئەو بەستەڵەكەی هەیە، بەتایبەتی ئەو باجە ئابوورییەی دەیدات بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا گەورەیە و ناتوانێت زیاتر بەرگەی بگرێت، مالی دووپاتی كردەوە، ئێران توانای بەرگەگرتنی گورزێكی سنوورداری سەربازی هەیە، چونكە دەزانێت ترەمپ جەنگێكی سەرانسەری لەدژی پێڕەو ناكات، بەڵام ئێران توانای بەرگەگرتنی گەمارۆ و سزای ئابووری درێژخایەنی نییە. 

حەسەن مونیمنە شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، پێناچێت وەڵامدانەوەی سەربازی لە بەرانبەر هێرشەكانی سەر ئارامكۆ خوازراو بێت، چونكە میزاجی ئەمەریكی بەرەو ئەو بژارەیە نییە، جیا لەوەی بەرژەوەندی سیاسی ترەمپ لەگەڵ جەنگ نییە، هەروەها دیدی ستراتیجی ئەمەریكا لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی جەنگێكی كراوەی ئابووری رەنگە لەكاتی دروستبوونی جەنگ بەربەستی تێ بكەوێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل