یه‌كێتیی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی (فیفا)، په‌یامێكی توند و ڕوونی گه‌یانده ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و به فه‌رمان داوایان لێ ده‌كات ڕێگه به خانمان بده‌ن بچنه ناو یاریگه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش واته ئاواتی كچه شینپۆشه‌كه دێته دی، كاتێك خۆی سووتاند بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ده‌لیڤه بۆ كچانی تری وڵاته‌كه‌ی.
ڕۆژی هه‌ینیی ڕابردوو، شاندێكی باڵای فیفا گه‌یشتنه ئێران بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕووداوه بكۆڵنه‌وه كه به‌سه‌ر "كچه شینپۆشه‌كه"ـدا هات و هۆكاره‌كه‌ی له نزیكه‌وه بزانن، هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م، دوای ئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانه، په‌یامێكی توندیان به ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی دا، تێیدا داوا ده‌كه‌ن تا زووه ده‌رگه‌ی یاریگه‌كان به ڕووی ئافره‌تاندا بكرێته‌وه، ئه‌گینا ده‌بێ چاوه‌ڕێی سزا بن.
یه‌كێك له ژنه وه‌رزشدۆسته‌كانی شاری تاران به‌ناوی "سه‌حه‌ر خودایاری" سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه ده‌چێته به‌رده‌م دادگه و له‌وێ ئاگر له‌خۆی به‌رده‌دات و به‌و شێوه‌یه به‌په‌له ده‌برێته نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچۆنێك بێت ڕزگاری بكه‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌ر زوو ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری له‌ناو خه‌ڵكیدا به‌تایبه‌تی وه‌رزشوانان دروست كرد. یه‌كێكیش له‌وانه مه‌سعوود سه‌لیم شوجاعی، كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران، ڕه‌خنه‌ی توند له سیسته‌می وڵاته‌كه‌ی ده‌گرێ و ده‌ڵێ، بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی ئافره‌ت بۆ ته‌ماشاكردنی یاری له‌ناو ستادیۆمه‌كان، له ئه‌نجامی بیرێكی چه‌په‌ڵه‌وه دروست بووه.
له دوای ڕووخانی ڕژێمی شا له ساڵی 1979، به‌پێی یاسای كۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ته‌ماشاكردنی یارییه وه‌رزشییه‌كان، ژنان بۆیان نییه بچنه ناو یاریگه و ستادیۆمه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش بێزاری لا دروست كردوون و چه‌ندان ڕێگه‌یان به‌كار هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی یاساكه بگۆڕێ و بتوانن بچنه یاریگه‌وه، به‌ڵام حكوومه‌ت سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پابه‌ند بێت به بڕیاری خۆی و ئه‌و به‌شداریكردنه به به‌شێك له تێكدانی نه‌ریته‌كان هه‌ژماری ده‌كات.
ماڵپه‌ڕی فیفا له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه، دوای گفتوگۆیه‌كی چڕ له تاران، گه‌یشتینه ئه‌و بڕیاره‌ی كه ده‌بێ تا زووه تاران ده‌رگه‌ی یاریگه‌كانی به‌ڕووی ژناندا بكاته‌وه و ڕێگر نه‌بێ تا به ئازادیی خۆیان بۆ ته‌ماشاكردنی یارییه‌كان بچنه ناو پلیكانی ستاندیۆمه‌كانه‌وه، ناشبێ بۆیان دیاری بكرێ چه‌ند كه‌س بچنه ناو یاریگه، به‌ڵكوو ئازادانه به‌پێی فرۆشی پلیته‌كان ده‌بێ بڕۆن. ئه‌م بابه‌ته‌شمان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا گفتوگۆ كردووه و به‌ده‌وام ده‌بین له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی تۆپی پێی ئێرانی و ده‌سته‌كانی حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێوشوێنی ئه‌م گۆڕانكارییانه بگرنه به‌ر.
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه: هه‌ڵوێستی فیفا ڕوون و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه و ڕێگری له چوونی ژنان بۆ ناو یاریگه هیچ بیانوویه‌ك هه‌ڵناگرێ و ده‌بێ بۆ هه‌موو یارییه‌كیش جێبه‌جێ بكرێت.
به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانی "ئیرنا"ی ئێرانی، یه‌كه‌م بڕیار تا ئێسته درابێت ئه‌وه‌یه، ڕێگه دراوه ژنان به‌شداری له ته‌ماشاكردنی یاریی ئێران و كه‌مبۆدیان بكه‌ن كه بڕیاره له 10ی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو بكرێت.
دوا مۆڵه‌تی فیفا بۆ ئێران كه ده‌بێ بڕیاره نوێیه‌كان جێبه‌جێ بكات، كۆتایی ئه‌م مانگه‌یه، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای مانگی داهاتووه‌وه ده‌رگه‌ی یاریگه‌كان به‌ڕووی ژناندا نه‌كرێته‌وه، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌ندامێتیی ئه‌و وڵاته له یه‌كێتیی تۆپی پێ هه‌ڵبواسێت.
به‌پێی زانیاریی ماڵپه‌ڕی "شه‌هرفاند"ی ئێرانی، پێش ئه‌م ڕووداوه به چه‌ند ڕۆژێك، له یه‌كێك له یارییه‌كانی خوولی تۆپی پێی ئێرانی‌دا، ده‌چێته ناو یاریگه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك هاه‌نده‌ری یانه‌كه‌ی ته‌ماشای یارییه‌كه بكات، به‌ڵام له‌وێ پۆلیس ده‌یكاته ده‌ره‌وه و به‌هۆی ئه‌و ناڕازییانه‌ی ده‌ری بڕیوه، چه‌ند ڕۆژێك ده‌گیرێ و دواتر به كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كرێ. خانه‌واده‌كه‌ی له ڕێی پارێزه‌رێكه‌وه بیانووی ئه‌وه دروست ده‌كه‌ن كه باری ده‌روونیی ته‌واو نییه، هه‌ر بۆیه زووتر ئازاد ده‌بێ.
خوشكه‌كه‌ی ده‌ڵێ، كاتێك زانی به‌هۆی ئه‌م كاره‌یه‌وه ڕه‌نگه ماوه‌ی شه‌ش مانگ له گرتووخانه بیهێڵنه‌وه، باری ده‌روونی تێك چووه و تووشی تووڕه‌بوونێكی زۆر بووه.
ڕۆژی دووی ئه‌یلوول، له‌سه‌ر دۆسییه‌كه‌ی ده‌چێته دادگه، به‌ڵام له‌وێ دادوه‌ر ئاماده نابێت، ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوی تووڕه‌ی ده‌كات، بۆیه ده‌به‌یه‌ك به‌نزین به‌خۆیدا ده‌كات و ڕاسته‌وخۆ له به‌رده‌م دادگه ئاگر له‌خۆی به‌رده‌دات و خۆی ده‌سووتێنێ.
میدیاكانی ئێران ده‌ڵێن، پێش ئه‌م ڕووداوه، پۆلیسه‌كانی به‌رده‌م دادگه ده‌یگرن و پێی ده‌ڵێن ده‌بێ جله‌كانی چاك بكات چونكه حیجابی ته‌واو نییه و نابێ به‌و شێوه‌یه به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا بسووڕێته‌وه، ئه‌ویش وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه، بۆیه گرتوویان و شێوه‌ی به‌رگه‌كه‌یان پێ چاك كردووه، ئینجا هێشتوویانه بچێته ناو دادگه‌وه، كاتێكیش ده‌چێ و ده‌بینێ دادوه‌ر ئاماده نییه، به ته‌واوی كۆنتڕۆڵی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات.
دوای ئه‌وه‌ی بڕیاره نوێیه‌كانی یه‌كێتیی تۆپی پێی جیهان جێبه‌جێ بوو، ده‌بێ ژنانی ئێران خۆیان به قه‌رزاری ئه‌و خانمه شینپۆشه بزانن كه گیانی خۆی كرده قوربانیی گه‌یشتنی مافه‌كانیان.