قسه‌یه‌كی به‌ناوبانگ هه‌یه و ده‌ڵێ، جه‌نگه‌كان سه‌ره‌تا به وشه و گوته ده‌ست پێ ده‌كات، كه
میدیا گوێزه‌ره‌وه‌یه‌تی، دواتر چه‌ك و له‌شكركێشی و مووشه‌ك و تانك و فڕۆكه‌كان ده‌ست به جووڵه ده‌كه‌ن، به پشتبه‌ستن به‌و بنه‌مایه، میدیا بریتییه له ئۆكسجینی جه‌نگ، وه‌كچۆن مرۆڤ بێ ئۆكسجین ناژێ، جه‌نگیش به بێ میدیا ڕوو نادات، كه‌واته میدیاكان چۆن له جه‌نگ مامه‌ڵه ده‌كه‌ن.
ڕه‌نگه بگوترێ ئه‌گه‌ر میدیا ئۆكسجینی جه‌نگ بووبێ، له سه‌رده‌مانی زوو میدیا بوونی نه‌بوو، چۆن جه‌نگه‌كان دروست بوون، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، له‌وكاتیش میدیا بوونی هه‌بوو،به‌ڵام به ئامرازی ساده و ساكار، په‌یامهێنه‌ر و په‌یامبه‌ره‌كان له‌لایه‌ن دوو لایه‌نی نه‌یاره‌وه كه خواستی شه‌ڕیان له دژی یه‌ك هه‌بووه، بریتین له كاری میدیایی، چونكه په‌یامی هه‌ردوولایان گواستووه‌ته‌وه، یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی میدیایش بریتییه له گواستنه‌وه‌ی په‌یام و زانیاری، بێگومان ئه‌و په‌یام و زانیارییانه‌یش كه ده‌یگوازێته‌وه ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگ و ئاشتی، ده‌شبێته هۆی ئامرازێكی پڕوپاگنده و فێڵكردنی لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كان دژی یه‌كتر.
له سه‌رده‌مانی زوو به‌ر له‌وه‌ی هێرشه‌كان ده‌ست پێ بكه‌ن، بۆ ڕووخاندنی وره‌ی نه‌یاران، لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره‌كان له ڕێی هه‌واڵنێری خۆیانه‌وه چوونه ناو شاره‌كانی دوژمن و زانیاری ئه‌وه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه سوپای به‌رانبه‌ر زۆر دڕنده‌ن و هیچ كه‌سێك به زیندوویی ناهێڵنه‌وه و به دڕاندانه‌ترین شێوه ده‌یانكوژن، ئه‌مه ترسی له دڵی سوپای لایه‌نی دووه‌م دروست كردووه و وره‌ی سه‌ربازانی ڕووخاندن، به‌مشێوه‌یه ئه‌و هه‌واڵ گواستنه‌وه‌یه ئه‌گه‌رچی زۆرجار ناڕاستیش بووه، به‌ڵام به‌ر له ده‌ستپێك لایه‌نی براوه‌ی جه‌نگه‌كه‌ی یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه، چونكه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سوپایه‌كی بێ وره ئه‌گه‌رچی زۆریش بن و چه‌كی پێشكه‌وتوویشیان هه‌بێ، كارێكی قورس نابێ.
میدیا یه‌كێكه له ئامرازه به‌هێزه‌كانی جه‌نگ و له زۆر چه‌كی پێشكه‌وتوو بایه‌خی زیاتره
میدیا و جه‌نگ وه‌ك دوور كارتێكه‌ری سه‌ره‌كی وان، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌یش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ میدیا نه‌كرێ، ئه‌وا ده‌بێته ئامرازی پڕوپاگنده و درۆ بڵاوكردنه‌وه، به ئامانجێكی سه‌ربازی، بۆ نموونه له جه‌نگی دووه‌می جیهان هاوپه‌یمانان تانك و چه‌كی له كارتۆن دروستكراویان له به‌ره‌كانی جه‌نگ بڵاو ده‌كرده‌وه، له ڕۆژنامه‌كانی ئه‌وكاتیش وێنه‌كانیان بڵاو ده‌كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی وره‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیای نازی بڕووخێنن.
له ساتی ده‌ستپێكردنی به‌هاری عه‌ره‌بی له چه‌ند وڵاتێكی ناوچه‌كه، سه‌رچاوه‌كان پشتڕاستی ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ڕی، زۆرێك له دیمه‌نه تراژیدییه‌كانی جه‌نگی به پرۆگرامی پێشكه‌وتوو له ناو ستۆدیۆكانی خۆیان دروست كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی زیاتر هان بده‌ن بچنه ڕیزی خۆپێشاندانه‌كانی یه‌مه‌ن و میسڕ و تونس و لیبیا، هاوكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نه تراژیدیانه كه دواتر میدیاكانی جیهان لێی وه‌رده‌گرن، كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دروست بكات و وه‌ك ئامرازێكی فشاركردن په‌شیمانیان بكاته‌وه له ڕژێمه عه‌ره‌بییه‌كان كه له میسڕ و یه‌مه‌ن و لیبیا و توونس له‌سه‌ر حوكم بوون، بێگومان ئه‌و ئامانجانه‌یشیان به ڕوونی پێكا و كاتێك له كاتی ڕووماڵی خۆپێشاندانه‌كان سه‌یری كه‌ناڵه‌كه‌مان بكردایه، به روونی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی پشت كاره میدیاییه‌كان ده‌خوێنرایه‌وه، كه كه‌ناڵه‌كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی حكوومه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌یه و پشتیوانی له خۆپێشانده‌ران ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی دروشمی "سقوط النظام" سه‌ربكه‌وێت.
ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دوای دروستبوونی، هێز و ئیمپراتۆریه‌تێكی گه‌وره‌ی میدیایی دروست كرد، ئایدلۆجیای خۆی به وردی به كوالێتییه‌كی زۆر به‌رز و پێشكه‌وتوو بڵاو ده‌كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ترس له دڵی خه‌ڵكی ناوچه‌كه دروست بكات، به جۆرێك خه‌ڵكی له‌و بڕوایه‌دابوون، كه چه‌كدارانی داعش توانایان چوار هێنده‌ی خه‌ڵكی تره و ئه‌وان به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگه‌ڕێنه‌وه، دروستكردنی ئه‌و بڕوایه لای خه‌ڵك ته‌نیا و ته‌نیا كاری میدیا بوو، چونكه كه‌مترین خه‌ڵك به‌ره‌كانی جه‌نگی ده‌بینی، به‌ڵام به‌هۆی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی به مۆنتاجكراوی بڵاو ده‌كرانه‌وه له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه، ئه‌و باوه‌ڕه دروست كرا، به‌مه‌یش وره‌ی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی دژ به داعشی ده‌هێنایه خواره‌وه، بێ ته‌قه‌كردن شار و ناوچه‌كانیان چۆل ده‌كرد، به‌ڵام دواجار پێشمه‌رگه توانی ئه‌و سێبه‌ره گه‌وره‌ییه‌ی داعش له ڕێی میدیا بۆخۆی دروستی كردووه، وه‌ك میزڵدانێك بته‌قێنێت و تووشی شكستیان بكات.
ده‌زگا زه‌به‌لاحه‌كانی میدیا له كاتی جه‌نگه‌كان ستراتیجی خۆیان داده‌ڕێژن و به ڕوونیش سه‌رجه‌م تیمه‌كانیان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كارێك نه‌كه‌ن له‌به‌رژه‌وه‌ندی دوژمن بشكێته‌وه
شاره‌زایان و پسپۆرانی میدیا دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه بوونی ده‌زگای گه‌وره‌ی میدیایی و پێشكه‌وتووترین ئامرازه‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا گرنگن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردی ئاراسته نه‌كرێن و سیاسه‌تی ڕوونیان له پشته‌وه نه‌بێ، ئه‌وا ده‌بنه شمشێرێكی دوو سه‌ر و بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ده‌زگا زه‌به‌لاحه‌كانی میدیا ئاگادار بن، خزمه‌تی دوژمن ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش بۆ نه‌بوونی كه‌سانی بیریار له زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێوه‌ندی جه‌ماوه‌ری له میدیاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردنی میدیا له كاتی جه‌نگ
یه‌كه‌م: نه‌گواستنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی دوژمن، یه‌كێك له كاره له پێشینه‌كانی میدیا له ساتی جه‌نگدا، ڕێگری و دروستكردنی فلته‌رێكی به‌هێز و دروستكردنی تیمێكی به‌هێزه به پشتبه‌ستن به تیۆری پاسه‌وانی ده‌رگا، بۆ ڕێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی زانیاری و وێنه و ڤیدیۆی سه‌ركه‌وتنه‌كانی دوژمن و ئه‌و بابه‌تانه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی دوژمن ده‌شكێنه‌وه، ئه‌مه به یه‌كه‌م هه‌نگاوی گرنگ و سه‌ره‌كی داده‌نرێ، بۆ ئه‌وه‌ی میدیا نه‌بێته ئامرازی ده‌ستی دوژمن و وره‌ی هێز و خه‌ڵكی هاوزمانی خۆی پێ نه‌ڕووخێنرێت.
دووه‌م: كاركردن له‌سه‌ر ستراتیجی جه‌نگی و پلانڕێژی ورد، سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگه‌كان، ڕووداوی زۆر و هه‌واڵی زۆریان به‌دوادا دێ، بۆیه كاری میدیایی زۆر زیاتر ده‌بێ، به به‌راورد له‌گه‌ڵ كاتی نه‌بوونی جه‌نگ، بۆیه پێویسته ده‌زگا زه‌به‌لاحه‌كانی میدیا پلان و ستراتیجی وردی خۆیان له سه‌ره‌تای جه‌نگه‌كه‌وه دیاریی بكه‌ن، هه‌ڵوێستی نیشتمانی ئه‌وان چییه به‌رانبه‌ر به‌و جه‌نگه؟ چۆن ڕووماڵی بكه‌ن؟ چه‌ند تیمی میدیایی ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ بكه‌ن؟ ئایا تیمه‌كان ڕووماڵی هه‌موو دیمه‌نه‌كان بكه‌ن؟ یان ئامانجیان له به‌ره‌كانی جه‌نگ و ناوچه‌كانی جه‌نگ به گشتی چییه؟ ده‌بێ به وردی ئه‌مه به ستراتیج بۆ هه‌موو تیمه‌كان كه كار له‌سه‌ر ئه‌م جه‌نگه ده‌كه‌ن ڕوون بكرێته‌وه.
بێلایه‌نی میدیا ته‌نیا له ڕووی تیۆرییه‌وه بوونی هه‌یه، له واقیع بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ر هه‌واڵێك له به‌رژه‌وه‌ندی به‌شێك و دژی گرووپێكی تره
سێیه‌م: بێلایه‌نی، له ڕووی تیۆرییه‌وه و له نێو په‌رتووكه‌كانی تایبه‌ت به زانست و هونه‌ری میدیا زۆر باس له بێلایه‌تی وه‌ك به‌هایه‌ك و یه‌كێك له بنه‌ما ڕه‌وشتییه‌كانی كاری میدیایی ده‌كرێت، به‌ڵام له واقیع دا ئه‌مه مه‌حاڵه بوونی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر به فره‌وانی بیری لێ بكه‌نه‌وه و وێنه‌كه به گه‌وره‌یی له هزری خۆمان دروست بكه‌ین، هه‌ر هه‌واڵێك له كاتی جه‌نگ بێ یان ئاسایی كه بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ له به‌رژه‌وه‌ندی گرووپێك و له دژی گرووپێكی تره، بۆ نموونه به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی، ڕووداوێكه و به‌هاكانی هه‌واڵی تێدایه، به‌ڵام كه میدیا بڵاوی كرده‌وه، خه‌ڵك هان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی خێرا بچن بڕێكی زۆرترین به‌نزین بكڕن، تا نرخه‌كه‌ی به‌رزتر نه‌بووه‌ته‌وه، بێگومان ئه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌ن به‌نزینخانه‌كانه، كوشتنی چوار كه‌س له‌سه‌ر پاره، ئه‌مه هه‌واڵه و بنه‌ماكانیشی تێدایه، به‌ڵام له دیوه ناڕاسته‌وخۆكه‌ی هاندانیشه بۆ كوشتن، به تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌مان كێشه‌یان هه‌یه، له جه‌نگدا بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی پێشڕه‌وی دوژمن، وه‌كو حاڵه‌تێكی ئاسایی هه‌واڵه، به‌ڵام به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی پێشڕه‌وی، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له هزری خه‌ڵك ئه‌وه دروست ده‌كات، كه دوژمن تووشی شكست نابێ و به‌رده‌وامه له پێشڕه‌وی، ئه‌مه‌یش خزمه‌تكردنه به دوژمن دژی هاوزمانه‌كانت، كه‌واته بێلایه‌نی له واقیع دا بوونی نییه، هه‌موو بیرمه‌ندان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن، بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌واڵێك كاریگه‌ری ئه‌رێنی بۆ گرووپێك و نه‌رێنی بۆ گرووپێكی تر هه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌واڵێك بوونی نه‌بووه و بوونیشی نابێ، كه كاریگه‌ری ئه‌رێنی بۆ هه‌موو خه‌ڵك هه‌بێت، یان بێ كاریگه‌ری بێت.
چواره‌م: لایه‌نی مرۆیی، كاتێك دوژمن هێرش ده‌كاته سه‌ر خاك و وڵاتێكی تر، میدیاكان له وڵاتانی پێشكه‌وتوو، بێ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت ئاراسته‌یان بكات، یان به‌رنامه و سیاسه‌تیان بۆ دابڕێژێت، خۆیان به‌رپرسیارانه به ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی خۆیان هه‌ڵده‌ستن، به هیچ شێوه‌یه‌ك میدیاكان ناچن، هه‌واڵی هێزه‌كانی خۆیان بڵاو بكه‌نه‌وه، كه بۆ نموونه له ئه‌نجامی بۆردمانێكی هه‌ڵه‌ی سوپای خۆیان منداڵێك گیانی له ده‌ستداوه، ئه‌مه به گه‌وره‌ترین هه‌ڵه داده‌نرێ، به‌ڵام كاتێك منداڵێكی ئه‌وان به‌هۆی بۆردمانی دوژمن شه‌هید ده‌بێت، ئه‌وا گه‌وره‌ترین ڕووماڵی میدیایی له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن و دوژمن به هێزێكی به‌زیوو و بێ مۆڕاڵ و دوور له به‌های مرۆڤایه‌تی وێنانه ده‌كه‌ن، به وه‌ی ناتوانێ ڕووبه‌ڕووی سوپای ئه‌وان بێته‌وه، منداڵان و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بۆردمان ده‌كات، دیمه‌نه مرۆییه ناخهه‌ژێنه‌كان، ده‌كه‌ن به پرۆمۆی ڕووداوه‌كان و هه‌موو سه‌ره سه‌عاتێك به خه‌ڵك و جیهانی پێشان ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ستی گه‌لان به گشتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بجووڵێنن.
له ساتی جه‌نگ زۆربه‌ی میدیاكان به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ به هۆی سیاسه‌تی سه‌ربازی وڵاتان ده‌كرێن به ئامرازی پڕوپاگنده‌ی جه‌نگ
پێنجه‌م: دروستكردنی پاڵه‌وانی جه‌نگ، یه‌كێك له ستراتیجه‌كانی میدیا له وڵاتان له كاتی جه‌نگ، بریتیه له پێشاندانی وره‌ی به‌رزی سه‌ربازان و دروستكردنی پاڵه‌وان، بۆ نموونه ئه‌مه‌ریكییه‌كان هێزی مارێنزیان كردووه‌ته هێزێكی شكست نه‌خواردوو، هه‌رچه‌نده له زۆر حاڵه‌تیش تووشی شكستی گه‌وره بوون، به‌ڵام ئه‌وان هه‌میشه سه‌ركه‌وتنه‌كانیان پێشان ده‌ده‌ن و به‌هێزی و خۆراگری و پلان و زیره‌كیان ده‌خه‌نه ڕوو بۆ دوژمن، ئه‌مه‌یش له كاتی نه‌بوونی جه‌نگ، به فیلم و دیكۆمێنتاری ئه‌نجام ده‌درێ، له كاتی جه‌نگیش ڕاسته‌وخۆ تیمێكی تایبه‌تیان له‌گه‌ڵ ده‌بێ، كه ئه‌و ساته مه‌زنانه ده‌گوازنه‌وه، كه سه‌ربازانی بۆ پێشه‌وه هه‌نگاو ده‌نێن و پێشڕه‌وی ده‌كه‌ن و له گولـله و ئاگری دوژمن ناگه‌ڕێنه‌وه، ئه‌مه زۆرجار له واقیعی گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كه‌یش نییه، به‌ڵام بۆ ترساندنی دوژمن و به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی سه‌ربازان سوودی زۆری لێ وه‌رده‌گیرێت.