ئەردۆغان: دوو ملیۆن ئاوارەی سووری لە ناوچەی ئارام نیشتەجێ دەكەین

:: PM:07:12:19/10/2019 ‌

دوای ئەوەی پێنجشەمی رابردوو ئاگر بەست لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ كرا و ماوەی 120 سەعات درایە هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ كشانەوە لە ناوچەكە، ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا نیازی توركیای لە دامەزراندنی ناوچەی ئارام تا سنوورەكانی عێراق راگەیاند كە دەیەوێ دوو ملیۆن ئاوارەی سووری لەو ناوچەیە نیشتەجێ بكات.

یەكێتی ئەوروپا پاڵپشتی دارایی ناوچەی ئارام دەكات
ئەردۆغان ئەمڕۆ شەموو لە وتەیەكی لەو بارەوە گوتی، تا ئێستە گەڕانەوەی 365 هەزار ئاوارەی سووریمان بۆ رووبەری چوار هەزار كیلۆمەتر مسۆگەر كردووە و پلانمان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ملیۆنێك بۆ دوو ملیۆن ئاوارەی تری سووری بۆ ناوچەی ئارام بە درێژایی 444 كیلۆمەتر لە منبەجەوە تا سنوورەكانی عێراق بە قووڵایی 30-32 كیلۆمەتر بە پاڵپشتی دارایی یەكێتی ئەوروپا.

هاوكات هەڕەشەی لە شەڕوانانی كورد كرد بەوەی ئەگەر تا ئێوارەی سێشەم پاشەكشە نەكەن لەو ناوچەیە هێرش دەست پێ دەكەنەوە لەناویان دەبات، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ خەلووسی ئاكار بە هەمان شێوە هەڕشەی دەست پێكردنەوەی هێرشەكەی كردبوو.

ئەوەش لەوكاتەی هەسەدە داوای رەوانەكردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی كردبوو بۆ پاراستنی ئاگربەستەكە كە پێنجشەمی رابردوو بڕیاری لەسەر درا و سوپای توركیای بە بەردەوامی پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار كرد.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل