سەدر: بەرپرسانی عێراق لە 25ی ئۆكتۆبەر تۆقیون

:: PM:10:47:19/10/2019 ‌

دوای ئەو بانگەشەی بۆ 25ی ئەم مانگە دەكرێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە دەبێتە رۆژی خۆپێشاندانێكی فرەوانی جەماوەری لەدژی حكوومەت و بەرپرسانی عێراق، موقتەدا سەدر هاتە سەر خەت و ئاماژە دەكات كە سیاسەتوان و پیاوانی حكوومەت لە دۆخێكی هستریا و تۆقیندا دەژین لە ترسی لێشاوی جەماوەر و سەرقاڵی خۆكۆكردنەوەن.

لە سەرتای ئەم مانگە خۆپێشاندانێكی فرەوان و جیاوازی جەماوەری بەغدا و چەند شارێكی عێراقی گرتەوە و ئەوان بێ سەركردە و ئەجیندای دیار رژانە سەر شەقامەكان و داوای چاكسازی و مافی گەنجیان دەكرد، لەو كاتەی هێزە تەناهییەكانی عێراق رووبەڕوویان بوونەوە و 106 كەسیان لێ كوشتن و زیاتر لە چوار هەزاریش بریندار بوون.

سەدر ئەوەی پشت پەردە ئاشكرا دەكات
ئەمڕۆ شەموو سەدر بەیاننامەیەكی دەركرد و تیایدا هاتووە، ئەی شۆرشگێڕان رەنگە خۆتان بۆ خۆپێشاندانێكی فرەوان لە 25ی ئەم مانگە ساز دابێت و ئەوەش مافی خۆتانە، بەڵام دەمەوێت ئەوەتان بۆ روون بكەمەوە كە لە پشت پەردە دەگوزەرێت، ئێستە هەموو سیاسەتوان و پیاوانی حكوومەت لە دۆخێكی هستریا و تۆقین لە ترسی لێشاوی جەماوەر دەژین و هەموویان هەوڵ دەدەن بەخۆیان رابگەن بۆ رووبەڕووبوونەوەتان، بەڵام نەیانتوانیوە و ناتوانن، چونكە كارلەكار ترازاوە.

زیاتر گوتی، هەموویان دەیانەوێ بە هەندێك دەستكەوت بێدەنگتان بكەن وەك دامەزراندن و مووچە و لەو شێوەیە، ئەوان خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە كردووە، ئەوان هەموویان رێكن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری، بەڵام چارەسەری نییە، چونكە حكوومەت بەتەواوەتی دەستەوەستانە لە چاكسازیكردن، چونكە ئەوەی لەسەر هەڵە بیات نرابێت دەرووخێت.

ئەوان هەموویان باش دەزانن كە خۆیان رادەستی دەرەوەی سنوور كردووە و ناتوانن بێ رەزامەندی ئەوان هیچ بڕیارێك بدەن، هەریەكە و بەپێی ئاراستەی خۆی و هەموویان درك بەوە دەكەن كە عێراق بووەتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی حیساباتی ناوخۆیی و دەرەكی، هەموویان دەزانن كە زۆرینەی گەل ئەوانی ناوێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی شۆڕشی كفنەكان بریقێكی نوێی وەرگرتووە، بۆیە سەرقاڵی فێڵكردنن و ئێوە بە كەم و سووك ناوزەد دەكەن، كەچی خۆیان سووكن و هەست بەوە ناكەن.

سەدر دەڵێت، ئێوە بە لایەنگر و داردەستی دەرەكی ناوزەد دەكەن، كەچی خۆیان هەموو پاڵپشتی و ئارەزووەكانیان لە دەرەوەی سنوورە، ئێوە بە بەعسی و ناپاك ناوزەد دەكەن و ئێستەش وا بڵاوی دەكەنەوە كە ئێوە لەو رۆژە چەك هەڵدەگرن، باوەڕم بەوە نییە كە ئێوە ئەوە دەكەن، چونكە ئێوە تێنووی خوێن نین، بۆیە یەكبگرن و یەك ئامانجتان هەبێت و ئێستە هەموو دنیا چاوی لێتانە و چاوتان لێ دەكەن وەك گەلی لبنان.

سەدر دووپاتی كردەوە، ئەگەر دەتانەوێت لە نیشتمانەكەتان ئازاد بن دەبێت لە گەندەڵی و گەندەڵكاران رزگار بن و ئەوان دادگایی بكەن بۆ ئەوەی مێژوو شایەتی بەوە بدات ئێوە لەناوبەری گەندەڵین و عێراق ئەمانەتە لە ئەستۆی ئێوە و لەدەستی مەدەن، ئەگەر ویستیشتان واز لەو شۆرشە بێنن، ئەوە شۆڕشی سندووقی دەنگدانتان لەپێشە دەتوانن رێگری بكەن لە گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات، بۆیە ئەوە چارەنووسی خۆتانە و بڕیار بۆ ئێوەیە، بۆ سوپای عێراقیش ئەوانە گەلی ئێوەن و داعش نین، بۆیە بەچەك رووبەڕوویان مەبنەوە و لەگرتووخانەكانیان مەكەن، بەڵكو گەندەڵكار و تیرۆریستان بگرن.            



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل