هونه‌رمه‌ندی دیاری هه‌رێمی كوردستان كه ماوه‌یه‌كه له كاری هونه‌ری دابڕاوه، به نیازه كارێك بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ئه‌نجام بدات.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی یه‌كی تشرینی دووه‌م، ئاڤان جه‌مال هونه‌رمه‌ند به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له ماوه‌ی ڕابردوو كه دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان هاته پێشه‌وه، توركیا هێرشی كرده سه‌ر كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان، وه‌ك هاوسۆزییه‌ك و پشتیوانییه‌ك بۆ براو خوشكه‌كانمان له ڕۆژئاوا و پشتگیری كردنیان به نیازی كارێكی نوێم.
زیاتر گوتى، داوام له هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی بواری موزیسان مامۆستا بورهانی موفتی زاده كردووه بۆ ئه‌وه‌ی كارێك پێكه‌وه بكه‌ین له‌سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داوام له مامۆستا ساڵح بێچاره كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هۆنراوهیهكمان بۆ ده‌ستنیشان بكات.
"ئێسته چاوه‌ڕێی هۆنراوه‌كه ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستا بورهانی موفتی زاده ئاوازه‌كه‌ی دابنێین و كاره‌كه له دوو توێی كلیپێك بۆ ڕۆژئاوا بكه‌ین"، ئاڤان جه‌مال وای گوت.
ئاڤان جه‌مال هونه‌رمه‌ندی دیاری كوردستان له ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ندان كلیپ و گۆرانی كوردی خستووه‌ته سه‌ر مێژوو و هونه‌ری كوردی، ماوه‌ی زیاتر له پێنج ساڵه وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی كار ده‌كات.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی