رووسیا: ئەمەریكا دەیەوێ نیوچە دەوڵەتێك لە رۆژهەڵاتی فورات دامەزرێنێت

:: PM:08:34:12/11/2019 ‌

هاوكات لەگەڵ گۆڕانی بڕیاری ئەمەریكا بە مانەوەی لە چەند ناوچەیەك لەناو خاكی سووریا، وەزیری دەرەوەی رووسیا دووپاتی دەكاتەوە كە ئەمەریكا هەوڵی جیاكردنەوەی چەند ناوچەیەك لە رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا و دامەزراندنی نیوچە دەوڵەتێك لەوێ دەدات.

دۆزی كورد لە سووریا دەبێتە قوربانی ململانێی گەورەكان
بەبەردەوام كورد بە هەوڵی جیاخوازی و دامەزراندنی دەوڵەت لەلایەن وڵاتانی نەیاریان تۆمەتبار كراون، كورد لە عێراق و لە سووریا لاریان نییە لەناو ئەو دوو وڵاتە بە مافی خۆیان وەك نەتەوەیەكی جیا و خاوەن تایبەتمەندی مسۆگەركراو بە دەستوور بژین، بەڵام وڵاتانی نەیاریان هەمیشە ئەو مافەشیان پێ رەوا نەبینیوە و بە جیاخوازیان لەقەڵەم داوە بۆ شەرعیەتدان بە زەوتكردنی.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لە كۆڕبەندی ئاشتی لە پاریس رای گەیاند، ئەمەریكا هەوڵی دامەزراندنی نیوچە دەوڵەتێك لە رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا دەدات و بۆ ئەو مەبەستە داوا لە وڵاتانی كەنداو دەكات كە وەبەرهێنانی زۆر لەو ناوچەیە بكەن، ئەوەش بە مەبەستی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەكی خۆجێتی لەوێ كە هێزەكانی سووریای دیموكرات و یەكینەكانی پاراستنی گەل و هیتریش كۆڵەكەی بن.

زیاتر گوتی، بۆیە شتێكی شاراوە نییە كە ئەمەریكا دەیەوێ كۆنترۆڵی كێڵگە نەوتییەكان لەوێ بكات، ئاماژەی كرد، لەو كاتەی ئەمەریكا رێگری لە هاوپەیمانەكانی دەكات وەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی سووریا بكەن.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل