خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر: سبەی هەینیی خۆڕاگرییە

:: AM:09:47:14/11/2019 ‌
خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر، داوای دوورخستنەوەی حكوومەت دەكەن وەك سەركەوتنێك بۆ خوێنی شەهیدان و رێزێك لە كەسوكارەكانیان. داوای خۆپێشاندەران هاوكاتی بڵاوبوونەوەی پلانێكی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس دێت كە لەگەڵ لایەنە شیعەكان لەسەری گەیشتووەتە رێككەوتن. دەڵێن سبەی هەینیی خۆڕاگرییە تا ویست و داخوازییەكانیان سەركەوتوو دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی تشرینی دووەم، خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەیاننامەیەكدا بۆ رای گشتی، داوای دوورخستنەوەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەكەن وەك سەركەوتنێك بۆ خوێنی شەهیدان و رێزگرتنێك بۆ كەسوكاریان.

لە بەیاننامەیەكی 400 وشەییدا، خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر ئاماژەی بە رێوشوێنە توندەكانی حكوومەت دەكەن لە چەند رۆژی رابردوودا بەتایبەت لە نزیك پردی سنك و شەقامی رەشید و گۆڕەپانی خلانی، روونی دەكەنەوە بەهۆی ئەو رێوشوێنە دەیان خۆپێشاندەر شەهید بوون و سەدانی تریش بریندار، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە حكوومەت پێداگیرە لەسەر بژاردەی توندوتیژی و تاوان و بێدەنگكردنی دەنگی گەل، كە بەڵگەی شكستی حكوومەتیش دێت لە پاراستنی هاووڵاتییانی كە ئەمە لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو تا ئێستە بە روونی دەركەوتووە.

حكوومەت جێی متمانە نەماوە تا سەركردایەتی عێراق و خەڵكەكەی بكات


خۆپێشاندەران دووپات لەوە دەكەنەوە كە حكوومەت جێی متمانە نەماوە تا سەركردایەتی عێراق و خەڵكەكەی بكات، هێندەش بەسە كە تا ئێستە نەیتوانیوە ناسنامەی نیشانشكێنەكان ئاشكرا بكات كە چەكی قەناس خۆپێشاندەرانیان كوشتووە، ئێستەش ناتوانێ رێگری لە گرتن و رفاندنی بەرنامە بۆ داڕێژراو دژ بە چالاكانی مەدەنی بگرێت، ئەگەرچی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مەرجەعییەت داوای وەستاندنی توندوتیژی دژ بە خۆپێشاندەران دەكەن.
 
خۆپێشاندەران لە بەیاننامەكەیان كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژە بە بەیاننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، دەڵێن بەیاننامەكە ئەوە دەسەلمێنێت كە حكوومەت تەواو دوورە لە پاراستنی خۆپێشاندەران كە رۆژانە خوێنیان لە گۆڕەپانەكان دەڕژێت، تەنانەت زۆر دوورە لە جێبەجێكردنی داوا بنەڕەتییەكانی خۆپێشاندەرانیش، بەڵكو بەردەوامە لەسەر ئەنجامدانی تاوان دژ بە خۆپێشاندەران.
 
 لە كۆتا بەشی بەیاننامەكەیاندا، خۆپێشاندەران روو لە خەڵكی عێراق دەكەن، ئەوە دەخەنەڕوو كە ئەوان پشتگیرییان لە خۆپێشاندانەكان كردووە و داواكاری خۆیان بەرز كردووەتەوە و دەنگیان گەیشتووەتە هەموو دنیا و ناوەندەكانی بڕیاری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییان سەرقاڵ كردووە، ئەوەش دووپات دەكەنەوە كە ژیان ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی تەنیا بە گەڕانەوەی نیشتمان نەبێت كە شەهیدەكان دەیانویست، ئەمەش مەرجەعییەت دووپاتی لێ كردووەتەوە كە خۆپێشاندەران ناچنەوە ماڵەكانیان تا داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكرێت.

خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە دوا رستەی بەیاننامەكەیان بانگەشە بۆ خۆپێشاندانی ملیۆنی دەكەن بەناوی هەینیی خۆڕاگری، تا دەنگی خۆپێشاندەران بگاتە هەموو ئەوانەی نایانەوێت گوێ لە دەنگی گەل بگرن، تا ویستی خۆپێشاندەران سەركەوتوو دەبێت.

 




وشە - فه‌رمان سادق