رۆژنامەنووسێكی كورد دەبێتە براوەی خەڵاتێكی جیهانی

:: PM:01:17:14/11/2019 ‌
رۆژنامەوانێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان خەڵاتى دەیڤد بێركی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت و دەیكاتە دیاری بۆ محەمەد ئەو منداڵەی بە چەكی فۆسفۆڕی سوپای توركیا هەموو گیانی سووتا. زانا عومەر دەڵێ، بەهۆی جەنگەوە نەیتوانیوە ئامادەی وەرگرتنی خەڵاتەكە بێت.

شەوی رابردوو بە كاتی ئەمەریكا، رۆژنامەنووس زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان، خەڵاتی رۆژنامەوانی دەیڤد بێركی نێودەوڵەتی وەرگرت كە ساڵانە ئەم خەڵاتە دەدرێت بە ڕۆژنامەوانە ئازا و بەجەرگەكان كە لە شوێنی شەڕو ناكۆكیدا كار دەكەن. 

رێوڕەسمی خەڵاتەكە لەلایەن ئاژانسی میدیای جیهانی ئەمەریكا "USAGM" لە بنكەی سەرەكی دەنگی ئەمەریكا لە واشنتن بەڕێوە چوو، زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریكا لە قامیشلۆ، لە ساڵی 2014 پەیامنێری ئەو كەناڵەیە و بە بەردەوام راپۆرتی مەیدانی شەڕی دژ بە داعش ئامادە كردووە و بەهۆی كارەكەیەوە چەندان جار ژیانی كەوتووەتە مەترسییەوە. 

خەڵاتی دەیڤد بێرك بە ناوی "David W. Burke"ـەوە نراوە كە دامەزرێنەری دەستەی ڕاگەیاندنەكانی حكوومەت بوو، یەكەم سێ ساڵیش سەرۆكی ئەو دەستەیە بووە. ئەم خەڵاتەش لە ساڵی (2001)ـەوە ساڵانە پێشكەش بە ڕۆژنامەوانە لێهاتووەكانی تۆڕەكانی (BBG)ـی دەكرێت.

زانا عومەر رۆژنامەنووسی كوردی رۆژئاوای كوردستان دەبێتە براوەی خەڵاتێكی نێودەوڵەتی


زانا عومەر بۆ "وشە" دەڵێ، خەڵاتەكە دەدرێت بەو رۆژنامەنووسانەی سەر بە تۆڕی (BBG)ـی ئەمەریكین، وەك پشتگیرییەك بۆ ئەو كەسانەی لە میدیای ئەمەریكی كار دەكەن لە سەرانسەری دنیا، ساڵانەش خەڵاتەكەش لەسەر بنەمای ئازایی و بوێری دەدرێت بەو رۆژنامەنووسانەی لە میدیاكانی ئەمەریكی كار دەكەن نەك لەسەر بنەمای پێشبڕكێی راپۆرتەكانی ئەو رۆژنامەنووسە ئامادەی كردووە.

زیاتر گوتی "ئەوانەی بەشداری لە ركابەری وەرگرتنی خەڵاتەكە دەكەن، لەلایەن دەزگاكانیان دەستنیشان دەكرێن، لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەند و پسپۆڕیش هەڵسەنگاندن بۆ كاری ئەو رۆژنامەنووسە لە ساڵانی رابردوی دەكەن، نەك تەنیا راپۆرتێك و دووان".

زانا عومەر ئەوەی روون كردەوە كە راپۆرتەكانی بەرەی جەنگ دژ بە داعش لە سووریا و لێكەوتەكانی جەنگ بەسەر لایەنی مرۆیی، كاریگەرییان هەبووە لە دەستنیشانكردن و پێدانی خەڵاتەكە، بەتایبەت راپۆرتی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن داعش كە لە دەنگی ئەمەریكا بڵاو كرایەوە، گوتی "ئەو راپۆرتەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و هێرشی ئەمدواییەی توركیا بۆ سەر باكوری سووریا كاریگەرییان هەبووە".

ئەو خەڵاتە "دەكەمە دیاری بۆ ئەو 25 رۆژنامەنووسەی لە جەنگی دژ بە داعش و هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان گیانیان لە دەست دا". زانا وای گوت. هێمای بۆ ئەوەش كرد كە خەڵاتەكەی دەكاتە دیاری بۆ منداڵانی سەرێ كانی كە بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوونە و بەشێكیان گیانیان لە دەست داوە، بە تایبەت محەمەد كە بە چەكی فسفۆڕی توركی هەموو گیانی سووتا.







وشە - فه‌رمان سادق