مەرجی خۆپێشاندەران بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ ئاشكرا بوو

:: PM:03:19:03/12/2019 ‌
لەگەڵ هەوڵی هێزە سیاسییەكان بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێك لە جێگەی عادل عەبدولمەهدی، خۆپێشاندەران 11 خاڵ وەك مەرج بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو رادەگەیەنن.

ئەمڕۆ سێشەم سێی كانوونی یەكەم، خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر و سەر چێشتخانەی توركی، شەش مەرجیان بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو راگەیاند، بەگوێرەی یەكێك لە مەرجەكانیش بێت، دەبێت حكوومەتی نوێ لە چێشتخانەی توركی پێك بهێنرێت و هەموو پێشنیار و هەوڵێكیش لە دەرەوەی ئەو شوێنە رەت دەكەنەوە.

بەیاننامەكەی خۆپێشاندەران كە لە دوو بەش پێكهاتووە، لە پێنج خاڵی یەكەمدا باس لە پێكهێنانی كابینەی نوێ دەكات و لە شەش خاڵی دووەمیشدا باس لە داواكاری خۆپێشاندەران كراوە.

خۆپێشاندەران: دەبێت كابینەی نوێ لە چێشتخانەی توركی متمانەی پێ بدرێت


بەگوێرەی بەیاننامەكە کە وێنەیەکی دەست "وشە" كەوتووە، دەبێت حكوومەتی نوێ لە چێشتخانەی توركی بێت، دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران و وەزیرەكانیش بە رەزامەندی تەواوی شۆڕشگێڕان و دەنگدانی خۆپێشاندەران بێت لە گۆڕەپانەكانی شۆِرشگێڕیدا.
لە خاڵی سێیەمدا، مەرجی ئەوە دانراوە كە ئەوانە دەكرێن بە سەرۆك وەزیر یان وەزیر لە كابینەی نوێدا، دەبێت هەموویان كەسانی سەربەخۆ بن، جگە لە رەگەزنامەی عێراقی هیچ رەگەزنامەی تریان نەبێت و كەسێكی دەستپاك و نیشتمانپەروەر بێت و سازش لە هەموو دەستكەوتە تایبەتەكانی بكات. لە خاڵی چوارەمیشدا، بە هەموو شێوەیەك دەستوەردانی دەرەكی رەت دەكەنەوە، تەنانەت دەستوەردانی ناوخۆییش رەت دەكەنەوە كە دەستی دەرەكی لە پشتەوە بێت، لە دوا خاڵیشدا خۆپێشاندەران لە بەیاننامەكەیاندا مەرجی ساڵێك بۆ حكوومەتی نوێ دادەنێن بۆ جێبەجێكردنی داواكاری شۆڕشگێڕان.

ئەمە یەكەمین بەیاننامەی خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر و چێشتخانەی توركییە دوای دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، یەكەمجاریشە چەمكی شۆڕشگێڕ بەكار دەهێنن.

ئەگەرچی گومان دەكرێت ئەمە بەیاننامەی خۆپێشاندەران نەبێت كە بەناوی ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ لە گۆڕەپانی تەحریر بڵاو كراوەتەوە، بەڵام تا ئێستە لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە رەت نەكراوەتەوە.

 لە شەش خاڵی دووەمدا كە داواكاری خۆپێشاندەرانی لە خۆ گرتووە بۆ ساڵی یەكەمی كارەكانی حكوومەت، داوا كراوە هەموو ئەوانەی دەستیان هەبووە لە كوشتنی خۆپێشاندەران ئاشكرا بكرێن و بدرێنە دادگا، هەردوو یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن هەموار بكرێتەوە، هەندێك لە مادەكانی دەستوور هەموار بكرێتەوە، لێكۆڵینەوە لە گەندەڵكاران بكرێت، قەرەبووی خانەوادەی شەهیدان و بریندارانی شۆڕشی تشرین بكرێتەوە، هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك لە كانوونی دووەمی 2021 ئەنجام بدرێت. 


وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 2147 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌