حەشدی شەعبی چەكدارەكانی لە خۆپێشاندانەكان دوور دەخاتەوە

:: PM:08:19:07/12/2019 ‌

شەوی رابردوو كوشتارگەیەكی تر لە بەغدای پایەتەخت رووی دا كە دیان كوژراو برینداری لە ریزی خۆپێشاندەران لێ كەوتەوە و پەنجەی تاوان بۆ چەند گرووپێكی ناو حەشدەی شەعبی درێژ كرا، ئەمڕۆ فالح فەیاز سەرپەرشتیاری گشتیی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە نووسراوێكدا داوای لە هەموو هێزەكانی حەشد كرد لە ناوچەكانی خۆپێشاندان دووربكەونەوە.
سەركردایەتی حەشدی شەعبی خۆی لە كوشتنی خۆپێشاندەران بێبەری دەكات
خۆپێشاندانی عێراق دەچێتە سێیەم مانگ و تا ئێستە بەردوەوامە و چاوەڕوان دەكرێت وەك گوشارێك بۆ نەهێشتنی خۆپێشاندانەكان خوێناویتر بن، دوێنێ بە ئاشكرا میلیشیاكان كە زیاتر حزبوڵا و عەسائیب و نوجەبا و بەدر تۆمەتبار دەكرێن، هێرشیان كردە سەر خۆپێشاندەران لە خلانی و سنەك و 25 خۆپێشاندەریان كوشت و 130یشیان بریندار كرد.

وەك لە نووسراوەكەی فەیازدا هاتووە، ناكرێت پێكهاتەكانی ناو حەشدی شەعبی ئەو ناوانەیان بەكاربێننەوە كە بەپێی فەرمانی دیوانی تایبەت بە رێكخستنەوەی پەیكەری حەشدی شەعبی بەكارهێنانی قەدەغە كرا، هەروەها نابێت هیچ هێزێكی ناو حەشدی شەعبی فەرمان و رەكی پێ بسپێردرێت لە نزیك گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان و ئەگەر ئەوانە بكرێن سزای توند دەدرێن.

دوای كوشتارگەكەی بەغدا سەركۆنە و ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی لەدژی دروست بوو هەریەك لە ئەمەریكا و بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان بەتوندی سەركۆنەی ئەو كارەیان كرد و داوای لێپرسینەوەیان لە ئەنجامدەرانی كرد.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل