یەكێتی سبەی كۆنفڕانسی مەڵبەندەكان دەكات

:: AM:11:32:08/12/2019 ‌
بڕیارە سبەی كۆنفرانسی سەرجەم مەڵبەندەكانی یەكێتیی نیشتمانی دەست پێ‌ بكات، ئەوەش دوای دواخستنی و دووبارە بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی كانوونی یەكەم میدیای یەكێتـی بڵاوی كردووەتەوە، سبەی سەعات هەشتی بەیانی تا سەعات سێی دوای نیوەڕۆ كۆنفڕانسی مەڵبەندەكانی یەكێتی بەڕێوە دەچێت.

سبەی سەعات هەشتی بەیانی تا سەعات سێی دوای نیوەڕۆ كۆنفڕانسی مەڵبەندەكانی یەكێتی بەڕێوە دەچێت
لە مەڵبەندی سلێمانی لە كۆی 363 كاندید، 73 كاندید كە دەنگی پێویست بەدەست دەهێنن بەشداری كۆنگرەی چواری یەكێتیی دەكەن و 969 دەنگدەریش دەنگ دەدەن.

لە مەڵبەندی سێی رێكخستنی هەولێر، 176 كاندید ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی 49 ئەندامی كۆنگرە دەكەن.

لە ڕۆژی پێنجی كانوونی یەكەم ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جارێكی تر بڕیاری دا كە كۆنگرە لە ئەمساڵ بكرێت، ئەوەیش بەهۆی زۆربوونی گوشارەكان لەسەر ئەو حزبە و ململانێ‌ ناوخۆییەكانی.


بەستنی ئەو كۆنگرەیەی یەكێتی لە كاتێكدایە پێشتر ئەو حزبە سێ‌ كۆنگرەی ئەنجام داوە، یەكەمین كۆنگرەشی لە ساڵی 1992 بوو كە ئێستە تەمەنی ئەو حزبە 44 ساڵە و نەیتوانیوە كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت و پێشبینی ململانێی زۆر دەكرێت.

هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە بۆ ڕۆژی 21ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ تا ئاستێك ئاشكرا دەبێت كامە باڵی یەكێتی كۆنگرە بۆ خۆی مسۆگەر دەكات.

پێشتر مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی ئەو حزبە ئاشكرای كردبوو، پێش بەستنی كۆنفڕانسی كۆمیتەكان و ناوەندە جەماوەرییەكان، بەخشینی پارە هەبووە.



وشە - رامیار جەواد