خەلەفان پێوەندی بە كێشەی نوستن و كەمخەوییەوە هەیە

:: PM:02:51:16/01/2020 ‌

پێداچوونەوە بە كۆمەڵە توێژینەوەیەك ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو كەسانەی بەدەست شێوان و كێشەی نوستنەوە دەناڵێنن، رەنگە ئەگەری تووشبوونیان بە كێشەی درككردن و خەلەفان بە بەراورد بەوانەی نوستنێكی باشیان هەیە زیاتر بێت.  
ئەوانەی خەوزڕانیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە خەلەفان بە رێژەی 25% زیاترە
توێژەران داتای 51 توێژینەوەیان پێشوویان پشكنی كە لەسەر كەسانی نیوەی تەمەن و گەورەكان لە ئەمەریكای باكور و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ئاسیا ئەنجام درابوو بۆ ماوەی چەند ساڵێك، بەمەبەستی زانینی ئاخۆ كێشەی نوستن لای ئەوان پێوەستە بە تەندروستیی درككردن.

توێژینەوەكە گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئەو كەسانەی بەدەست خەوزڕانەوە دەناڵێنن، ئەگەری تووشبوونیان بە كێشەی درككردن بە رێژەی 27% زیاد دەبێت، لەوكاتەی ئەو كەسانەی كێشەی خەویان هەیە و كاتی پێویست بۆ حەسانەوە وەرناگرن، ئەگەری تووشبوونیان بە خەلەفان بە رێژەی 25% زیاترە. 

تیمی توێژینەوەكە كە ئەنجامەكانی لە بڵاوكراوەی تایبەت بە پزیشكیی دەمار و تەندروستی دەروونی بڵاو كردەوە ئاماژە دەكەن، نوستنی كەمتر لە پێویست و مانەوەی زۆر لەناو جێگە بەخەوزڕانەوە، بەرێژەی 24% پێوەستە بە كەمبوونەوەی درككردن و ئەوانەی شەوانە 6-7 سەعات دەخەون، ئەگەری تووشبوونیان بەو كێشانە بە بەراورد بەوانەی كەمتر لە چوار سەعاتی شەوانە دەخەون، كەمترە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل