سەركردەیەكی رەوتی سەدر: خۆپێشاندانی ملیۆن كەسی لە گۆڕەپانی تەحریر دەبێت

:: PM:08:50:18/01/2020 ‌

دوای ئەوەی چاودێرانی دۆخی عێراق وریاییان دا لە بەریەككەوتنی خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر و خۆپێشاندانی ملیۆن كەسی كە موقتەدا سەدر داوای كردووە، سەركردەیەكی رەوتی سەدر ئاماژە دەكات كە زۆرینەی خۆپێشاندەران سەر بە رەوتی سەدر و خۆپێشاندانە ملیۆنیەكەیش لە گۆڕەپانی تەحریر دەبێت.

خۆپێشاندانەكانی ئەمساڵ جیازاترن لەوەی ساڵی رابردوو كە بەروونی دیار بوو ئەوەی رابەرایەتی دەكات موقتەدا سەدرە، ئەوان توانیان گوشارێكی زۆر بخەنە سەر حكوومەت و پەرلەمان و بچنە ناو پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و دەرگەكانی ناوچەی سەوزیان بۆ كرایەوە، بەڵام خۆپێشاندانەكانی ئەمساڵ كە لە تشرینی یەكەمی 2019 دەستی پێ كردووە و تا ئێستە بەردەوامە، لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە بەتوندی وڵام دراوەتەوە و تا ئێستە 600 كەس كوژراون و هەزارانیش بریندار و پەككەوتەن.
سەدر لە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی خۆپێشاندەران بەردەوامە
وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئەوان دەسەڵاتیان بەسەر خۆپێشاندانەكانی بەغدا هەیە، حاكم زاملی ئاماژەی كرد، رۆڵەكانی رەوتی سەدر بوون لە دوای 2003 خۆپێشاندانەكانیان ساز كرد، بۆیە ئێستە ئەگەر ئەوان لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن پاشەكشە بكەن، چۆڵ دەبن و ئەوەش بەڵگەیە كە ئەوانن زۆرینەی خۆپێشاندەران پێكدێنن. 

ئەو سەركردە سەدرییە روونی كردەوە، ئەوەی مافی زیاتری هەیە لە گۆڕەپانی تەحریر بێت سەدرییەكانن كە لە دوای 2003ەوە خۆپێشاندان ساز دەكەن، بۆیە ئەگەر سەدر بەیاننامەیەك دەربكات و بڵێت كە پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەكان ناكەن، تەنیا 100 كەس لە گۆڕەپانەكان دەمێننەوە و ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوانەی لەوێن زۆرینەیان سەدرین. زاملی دووپاتی كردەوە كە بۆ خۆپێشاندانی ملیۆنی لەدژی بوونی ئەمەریكا لە عێراق هیچ شوێنێكی نییە جگە لە گۆڕەپانی تەحریر بتوانێت ملیۆن كەس لەخۆ بگرێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل