سبەی مووچەی چوار وەزارەت و هێزە تەناهییەكان دابەش دەكرێت

:: AM:08:51:20/01/2020 ‌
بڕیارە سبەی مووچەی چوار وەزارەت و سەرجەم هێزە تەناهییەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان دابەش بكرێت. 

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی كانوونی دووەم، بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، سبەی سێشەم مووچەی وەزارەتەكانی سامانە سروشتییەكان و ئەوقاف و خوێندنی باڵا و ناوخۆ دابەش دەكرێت.

لە خشتەكەی سبەیدا، مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگەی ئاسایش و هێزەكانی زێرەڤانی و فەرماندەیی پێشمەرگەی بەرگری و فریاكەوتن دابەش دەكرێت، هەروەها مووچەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی كوردستان و لیوای یەك و دووی پۆلیسی پاراستنی داودەزگاكانی نەوت و گاز دابەش دەكرێت.

لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت 
هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران، دوای تەنگژەی دارایی پشت دەبەستێت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دێتە ناردن.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد