ئێران هەڕەشەی پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی ئەتۆمی دەكات

:: PM:04:21:22/01/2020 ‌

ئاژانسێكی هەواڵی ئێرانی لە بەڕێوەبەری نووسینگەی حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێرانی گواستەوە كە پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی ئەتۆمی، یەكێكە لە بژارەكان لەبەردەم وڵاتەكەی لەبەرانبەر رێوشوێنەكانی دوایی وڵاتانی ئەوروپا.
هەوڵی سەپاندنی رێككەوتنێكی نوێ بەسەر ئێران دەدرێت
ئاژانسی هەواڵی ئێران لە مەحموود واعزی گواستەوە، تاوتوێی ئەوە كراوە كە چەند لایەنێك هەوڵی رەوانەكردنی دۆسیەی ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەدەن، بۆیە ئەگەر ئەوە رووبدات، ئێمە بڕیاری توندتر دەدەین وەك پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی ئەتۆمی، روونی كردەوە كە پێشتریش وەك پەیامێكی بەهێز بۆ ئەوروپییەكان، رۆحانی ئاماژەی بۆ ئەو ئەگەرە كردووە. 

هەفتەی رابردوو هەریەك لە بەریتانیا و فڕەنسا و ئەڵمانیا رایان گەیاند كە ئێران شكستی هێناوە لە پابەندبوون بە بڕگەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی كە لە 2015 هاتووەتە واژووكردن، ئەوەش لە هەنگاوێكدا كە رەنگە پاڵ بە ئەنجوومەنی ئاسایش بدات بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێران.

ئێران هەرسێ وڵاتی ئەوروپی تۆمەتبار كرد بە جموجۆڵ نەكردن لەدژی سزاكانی واشنتن بۆ سەر تاران لە 2018، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر گوتی، ئەو هەنگاوەی ئەوروپا بێ بنەمای یاساییە و ئەگەر ئەوان رێوشێنی زیاتر وەربگرن، ئەوكات پێداچوونەوە بە پاشەكشەكردنی ئێران لە پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی دەكەین.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل