ئەمەریكا هەڕەشە لە جێگرەوەكەی قاسم سلێمانیش دەكات

:: PM:12:16:23/01/2020 ‌

ئەمەریكا بۆ یەكەم جار لە دوای كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، هەڕەشە لە جێگرەوەكەی دەكات و پێی دەڵێ، ئەگەر لەسەر هەمان سیاسەتی سلێمانی بەردەوام بی، بە هەمان چارەنووسی ئەو دەتبەین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23/1/2020 برایان هوك نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران، لە میانەی كۆڕبەندی داڤۆس هەڕەشەكەی ئاراستەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی ئێستەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران كردووە و بەگوێرەی ئاژانسی "رۆیتەرز" گوتوویەتی، هەر جۆرە هێرشێكی ئێران بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا، هەڵویستی زۆر توندی لە دواوە دەبێت.

پێویستە بگوترێ لە دوای كوشتنی قاسم سلێمانی بەهۆی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكا، ئێران بە مووشەك وەڵامی ئەمەریكای دایەوە، بەڵام نەیتوانی هیچ زیانێكی گیانی بە سەربازانی ئەمەریكا بگەیەنێت، بۆیە ئەمەریكا بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە كاردانەوەی بەرانبەر ئەم هێرشەی ئێران نەبوو.
لێدوانە نوێیەكەی برایان هوك، نیشانی دەدات كە ئیتر هێرشی هاوشێوە لە ئێران قبووڵ ناكرێت

لێدوانە نوێیەكەی برایان هوك، نیشانی دەدات كە ئیتر هێرشی هاوشێوە لە ئێران قبووڵ ناكرێت و بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.

پێویستە بگوترێ، سەرەڕای ئەوەی لە رۆژی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران، بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەرەتا لە میدیاكان بڵاویان كردەوە تۆڵەی قاسم سلێمانییان كردووەتەوە، بەڵام دواتر شێوازی هەڵوێستەكانیان گۆڕی كاتێك بۆیان دەركەوت هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.

دواتر عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتارێكدا گوتی، "ئەمەی كرا تەنیا زلـەیەكی توندبوو لە ئەمەریكامان وەشاند." مەبەست لەم قسەیەی خامنەیی ئەوەیە هێشتا ئێران تۆڵەی كوشتنی قاسم سلێمانی نەكردووەتەوە و دەبێ ئەمەریكا چاوەڕێی هێرشی تر بكات.



وشە - سلێمان تاشان