ژینۆ ره‌شید شاعیر و خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و دانیشتووی سلێمانییه، بۆ "وشه" ئاماژه به‌وه‌دا ده‌دات كه ساڵی 1986 چوونه ئێران، به‌هۆی پێشمه‌رگه‌یی براكانی هه‌موو شیعره‌كانی سووتاندووه. خۆی ده‌ڵێ "هه‌رگیز نه‌متوانیوه شیعره‌كانم بكه‌مه كتێب و بڵاویان بكه‌مه‌وه، چونكه هه‌رجاره و به رووداوێك له‌ناو چوون".
سه‌ره‌تای نووسینت بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
بچووك بووم برا گه‌وره‌كه‌م گۆڤاری منداڵانی بۆ ده‌كڕیم، به‌ڵام من ده‌ڕۆیشتم له كتێبخانه‌ی براكه‌م كتێبی گه‌وره‌م ده‌رده‌هێنا و ده‌مخوێنده‌وه وه‌ك رۆمان و ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت و شیعر، هه‌روه‌ها ساڵی 1986 كه چووینه ئێران به‌هۆی پێشمه‌رگه‌یی براكانم، هه‌موو شیعره‌كانی خۆم سووتاند.
بۆچی ده‌نووسیت؟
به گرنگی ده‌زانم منیش وه‌ك ژنێك به تێڕوانینی خۆم وێنای ژیان بكه‌م و بنووسم.
شیعره‌كانت زیاتر هه‌ڵگری چی په‌یامێكن؟
ئازاره‌كانی ژن، ڕه‌خنه و سۆزداری و ئازاری كورد.
خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌می شیعریت؟
به‌رهه‌می چاپكراوم نییه، ته‌نیا له گۆڤاره‌كاندا شیعر و چیرۆكه‌كانم بڵاو كردووه‌ته‌وه. به‌ڵام هه‌ر كاتێك شیعره‌كانم كۆ كردبێته‌وه ڕووداوێك ڕووی داوه و زۆربه‌ی شیعره‌كانم له‌ناو چوون، جارێكیان شیعره‌كانم ئاماده كردبوو چاپیان بكه‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه هاوڕێیه‌كم كۆمه‌ڵێك كتێب و نووسینمی خسته ناو جلشۆر و هه‌مووی ورد بوون و له كۆمپیوته‌ریش سڕابوونه‌وه.
دڵخوازترین شیعری تۆ كامه‌یه؟
هه‌موو شیعره‌كانم جوان و دڵخوازن، به‌و شیعرانه‌ی كه له‌ناویش چوون، چونكه ڕاستین.
حه‌ز ده‌كه‌ی چی نازناوێكت پێ ببه‌خشن؟
هه‌ر هاوڕێیه‌كم نازناوێكیان لێ ناوم كه زۆر به نرخن لام، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م نازناوی "دایكی سروشت"م هه‌بێت، چونكه سروشتم زۆر خۆش ده‌وێت.
چی شتێك زۆر ئازارت ده‌دات؟
پارچه پارچه‌بوونی حزبه‌كان و كوشتنی ژن زۆر ئازارم ده‌دات.
به خه‌یاڵی ئازار و هاواری ئه‌و ژنانه‌وه ده‌نووسم كه ده‌سووتێن یان ده‌ستدرێژییان ده‌كرێته سه‌ر
پێناسه‌ی عه‌شق لای تۆ چییه كه له شیعره‌كانتدا ره‌نگی دابێته‌وه؟
عه‌شق لای من هه‌وڵدانه بۆ ژیان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌ختییه‌كان و عه‌شقه ئازادییه.
ناوی سێ شاعیرم پێ بڵێ كه لای تۆ زۆر تایبه‌ت بن؟
له منداڵییه‌وه به خه‌یام سه‌رسامم و به‌رده‌وام شیعرهكانیم ده‌خوێنده‌وه، بۆیه هیچ شتێك نییه وێنای بكه‌م به خه‌یام. شێركۆ بێكه‌س داهێنه‌ری شیعری سه‌ربه‌ست و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌ده‌بیاتی كورد، جوانترین وشه و پێناسه‌ی هه‌بوو. كامه‌ران موكری خوێندنگه‌ی من بوو.
به چ خهیاڵێكهوه شیعر ده‌نووسی؟
به خه‌یاڵی ئازار و هاواری ئه‌و ژنانه‌وه ده‌نووسم كه ده‌سووتێن یان ده‌ستدرێژییان ده‌كرێته سه‌ر، یان ئه‌وانه‌ی ئه‌نفال و كیمیاباران كران.
ئه‌ی كه‌ی به نیازی شیعره‌كانت چاپ بكه‌ی؟
ژیان به‌رده‌وامه و منیش له نووسینی شیعر به‌رده‌وام ده‌بم، بێگومان له پڕۆژه‌مدایه هه‌موو شیعره‌كانم كۆ بكه‌مه‌وه و چاپیان بكه‌م، هیوادارم ئه‌مجاره هیچ ڕوو نه‌دات.
وشه/دیمانه‌ی گه‌رمیان گلی