ئەیاد عەلاوی: تیرۆر و سەركوتكاریی دەسەڵات راپەڕینی ئاشتیانەی گەل ناوەستێنن

:: PM:04:41:25/01/2020 ‌

دوای هەڵمەتی ئاشكرای هێزە تەناهییەكانی عێراق بۆ كۆتاهێنان بە خۆپێشاندانەكان كە بەغدا و شار و شارۆكەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتەوە، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنییە ئاماژەی كرد كە پڕۆژەی چاكسازی بڕیاری گەلێكی راپەڕیوە نەوەك هی تاكەكەسێك، بۆیە بەردەوام دەبێت.
عەلاوی هێرش دەكاتە سەر سەدر و رێككەوتنی دوایی ئێران
لە دوێنێوە خۆپێشاندانەكانی عێراق چوونە ناو قۆناغێكی نوێوە كاتێك خۆپێشاندانی ملیۆنی سەدرییەكان و میلیشیاكان لە بەغدا لەدژی بوونی ئەمەریكا لە عێراق بەڕێوە چوو و دوای ئەوە سەدر لایەنگرانی لەناو خۆپێشاندانەكان كشاندەوە و هێزە تەناهییەكانی عێراقیش دەستیان بە چۆڵكردنی گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی كرد. 

عەلاوی ئەمڕۆ شەموو لە تویتێك نووسیویەتی، پڕۆژەی چاكسازی بڕیاری گەلێكی راپەڕیوی ئاشتیخوازە نەوەك هی تاكەكەسێك، بۆیە تیرۆر و سەركوتكاری و ستەم رێككەوتننە شەرمەزاركەرەكان نایوەستێنن، وەك ئاماژەیەك بۆ موقتەدا سەدر و رێككەوتنی دوایی گرووپە شیعەكان لە ئێران.

روونی كردەوە، هەرچەند كاتی بەسەردا تێپەڕ بێت، سەركوتكاری و توندوتیژی دەسەڵاتداران لە بەرپرسیارەتی نابەخشێت، هاوكات ئەگەر بزانن، ئەو كارە سووتەمەنی سووربوون و جۆشدانی گەلانە بۆ بەردەوابوون لە راپەڕینەكەیان تا كاتی جێبەجێبوونی داواكارییەكانیان، بۆیە لاپەڕەكانی بەشبەشێنە هەڵدراوەتەوە و عێراق بۆ پاشەوە ناگەڕێتەوە. 

هاوكات لەگەڵ پاشەكشەی لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەكان و هەڵمەتی هێزە تەناهییەكانی عێراق بۆ چۆڵكردنی بەزۆری گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان لە بەغدا و لە شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ئەمڕۆ سەتان خۆپێشاندەر هاتنە گۆڕەپانی تەحریر و خێوەتی نوێیان هەڵدا، ئەوەیش دوای سووتاندنی ژمارەیەك خێوەت لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە.

لە پارێزگای دیوانییە سەتان خۆپێشاندەر روویان لە گۆڕەپانی مانگرتن لە فولكەی ساعە لە ناوەڕاستی ئەو پارێزگایە كرد، لە بەسڕەیش دەیان خۆپێشاندەر لە ناوەڕاستی شارەكە لە ناوچەی جەبەلییە كۆبوونەوە و روویان لە شوێنی مانگرتنی سەرەكی كرد، ئەوەیش دوای ئەوەی لە سەعات چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە تەناهییەكان لە بەسڕە كە لە 80 ئۆتۆمبێل و 250 كارمەند دەبوون، هەڵیان كوتایە سەر گۆڕەپانی مانگرتنی سەرەكی و ژمارەیەك خۆپێشاندەریان گرت و خێوەتەكانیان سووتاندن.

لای خۆیەوە شێخ زەرغام مالیكی، كە شێخێكی بەسڕەیە داوای لادانی عەمید عەلی مشاری فەرماندەی هێزەكانی ئاماژەی لەو پارێزگایە كرد بەهۆی هەڵكوتانە سەر گۆڕەپانی مانگرتن و سووتاندنی خێوەت و گرتنی خۆپێشاندەران و ئەو هەڕەشەی پەرەسەندن و یاخیبوونی جەماوەری كرد.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل