شارەزایان: ڤایرۆسی كۆرۆنا دنیا دەگرێتەوە و 65 ملیۆن كەس دەكوژێت

:: PM:05:12:25/01/2020 ‌
تا دێت ڤایرۆسی كۆرۆنا خێراتر سنوورەكان دەبڕێت و تا ئێستە گەیشتووەتە سەرووی 12 وڵات. شارەزایان ئەوە دەخە ڕوو كە "دوای شەش مانگی تر هەموو دنیا دەگرێتەوە و لە ماوەی ساڵ و نیوێكدا 65 ملیۆن كەس دەكوژێت".

ئەمڕۆ شەموو 25ی كانوونی دووەم، شارەزایانی تەندروستی ئەمەریكایی رایانگەیاند كە لە ماوەی ساڵ و نیوی داهاتوودا، 65 ملیۆن كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن. 

زانایان و شارەزایانی تەندروستی لە "ناوەندی جۆنز هۆبكنز" بۆ ئاسایشی تەندروستی لە ئەمەریكا لە لێكۆڵینەوەیەكدا لەسەر ئامێری كۆمپیوتەر كە مانگی ئۆكتۆبەری 2019 ئەنجامیان داوە، بۆیان دەركەوتووە "نزیكەی 65 ملیۆن كەس لە ماوەی 18 مانگی داهاتوودا لە سەرانسەری جیهان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن". 
 
تا ئێستە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە لە چین 41 كەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە هەزار و 300 كەسیش دووچاری هاتوون. بەڵام شارەزایان دەڵێن " ئەوانەی دووچاری ئەو ڤایرۆسە بوون بە هەزارانن". 

ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووەتە 14 وڵات و 41 كەسیش لە چین بەهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە


ئیریك تونەر یەكێك لە گەورە لێكۆڵەرانی ناوەندی جۆنز هوبكنز بۆ رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی قسەی كردووە و نایشارێتەوە، "كاتێك لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوو هەواڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنام لە چین بیست، شۆكی نەكردم، چونكە ماوەیەكی زۆرە ئەگەری بڵابوونەوەی هەیە و پەتایەكی نوێیە". 

زیاتر روونی كردەوە، نازانین ڤایرۆسەكە چەندە توانای بڵاوبوونەوەی هەیە، بەڵام ئەوەی زانراوە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە. ئەوەی تا ئێستە لە بارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا زانراوە ئەوەیە بۆڕی هەناسەی كەسی تووشبوو دووچاری هەوكردن دەكات و رەنگە ببێتە هۆی هەوكردنی رێڕەوی سییەكان و سەرما بوون. 
 
جێی بیرهێنانەوەیە، ساڵی 2000 بەهەمانشێوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڤایرۆسێكی تر بڵاوبووەوە كە تووشبووانی دووچاری هەوكردنی سییەكان دەكرد، بەهۆیەوە هەشت هەزار كەس تووشبوون و 774ـیان مردن. 

تونەر پێشبینی دەكات كە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا زۆرینەی وڵاتانی دنیا گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسە ببن و لە ماوەی 18 مانگی داهاتوودا نزیكەی 65 ملیۆن كەس بەهۆیەوە گیان لەدەست بدەن. 
 
لای خۆیەوە رێكخراوی تەندروستی جیهانی رای دەگەیەنێت كە تا ئێستە لە 12 وڵات ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، لەوانە ئەمەریكا، چین، تایلاند، ژاپۆن، كۆریای باشوور، تایوان، ڤێتنام، سەنگاپوورە، هۆنگ كۆنگ، ماكاو، نیپال، فڕەنسا، ئوسترالیا، عەرەبستانی سعوودیە و میسڕ. 



وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 2669 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌