سەرۆكی چین: بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە دۆخی وڵات مەترسیدارە

:: PM:06:11:25/01/2020 ‌

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی مەترسیداری كۆڕۆنا لە چین كە تا ئێستە 41 كەس بەهۆی هەوكردنی ڤایرۆسی سییەكانەوە گیانیان لەدەست داوە، شی جین بینگ سەرۆكی چین دانی بەوەدا نا كە دۆخی وڵاتەكەی مەترسیدارە، دووپاتی كردەوە كە دەتوانن بەسەر ڤایرۆسەكەدا سەركەون.
لە جەنگی دژ بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا سەردەكەوین
وەك ئاژانسی "فرانس پرێس"ی فرەنسی بڵاو كردەوە، بینگ لە كۆبوونەوەیەكی لیژنەی هەمیشەیی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی چین دووپاتی كردەوە، چین دەتوانێت بەسەر ڤایرۆسی كۆڕۆنادا سەربكەوێت، كە تا ئێستە لەسەرانسەری دنیا 1300 حاڵەتی تووشبوون هەیە و 41 كەسیش گیانیان لەدەست داوە.

لای خۆیەوە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، بڵاوی كردەوە كە ئەمەریكا بۆ سبەی یەكشەم خەریكی رێكخستنی گەشتێكی ئاسمانییە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتی و دیپلۆماتكارانی ئەمەریكی لە شاری وهانی چینی كە سەنتەری بڵاوبوونەوەی ڤاپرۆسی كۆڕۆنایە، كاتێك فڕۆكەیەك 230 هاووڵاتی ئەمەریكی دەگوازێتەوە و بەشێوەیەكی كاتیش كونسوڵخانەكەی لەو شارە دادەخات.  

لای خۆیەوە ئەیمەن سەفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رای گەیاند كە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی چین لەپێوەندیدان و داوای هێنانەوەی هاووڵاتییانی ئوردنیمان لەوێ كردووە و هەر كە دەسەڵاتدارانی چین رازی بوون كە ئەو شارەیان دابڕیوە، ئەوان دەگەڕێنینەوە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل