پەرلەمانتارێك: پێویستە كورد بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكانی دوایی عێراق بكات

:: PM:10:18:25/01/2020 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت كە دۆخی ئێستەی عێراق هیچ پێوەست نییە بە هەرێمی كوردستان و پێویستە كورد و نوێنەرانی كورد لە بەغدا كە لە حكوومەت و پەرلەمانن، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن.
پێویستە كورد پەلە نەكات لە هیچ بڕیار و لێدوانێك لەسەر ئەو دۆخە
جەمال كۆچەر، ئەندامی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەوەی لە عێراق و شەقامی عێراق ڕوو دەدات بە تایبەتی لە دوو رۆژی رابردوودا، كێشەی كورد نییە و پێویستە كورد پەلە نەكات لە هیچ بڕیار و لێدوانێك لەسەر ئەو دۆخە، روونی كردەوە، ئێستا نوێنەرانی كورد لە بەغدا نین، بۆیە دەبێت لە سەرۆكایەتی كۆمار و تەنانەت وەزیرەكانیش لە حكوومەت بە وریاییەوە مامەڵە بكەن.

زیاتر گوتی، پێویستە تەواوی نوێنەرانی كورد لە بەغدا، لە پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتیی كۆمار، پێوەندی باشیان هەبێت، هەروەها كوردستان نابێت لە بڕیاری خۆی پاشەكشە بكات، چونكە ئەنجامەكەی بەو جۆرە دەبێت كە كورد پاشەكشە لە هەموو بڕیارەكانی خۆی بكات ئێستە و لە داهاتووش.

كۆچەر ئاماژەی كرد، زۆر گرنگە هیچ لایەنێكی سیاسیی كورد لە خۆیەوە بەبێ پێوەندی و ئاگەداری لایەنەكانی تر و بە یەك قسە و یەك هەڵوێست بۆ بەرژەوەندی خۆی گفتوگۆ نەكات، بەتایبەت بۆ پۆست لە حكوومەتی داهاتوو، ئێستە پاشەڕۆژی میلەتی كورد لە هەموو پۆست و شتێكی تر گرنگە، ئەگەر شتێك هەبێت پێویستە پێكەوە بە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بیكەن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل